کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆکردنەوەی زبڵ و گەڕان بە نێو زبڵەکان لە ئێران وەک پیشەیەکی فەرمی ناسێندرا

12:08 - 25 رێبەندان 2723

جێگری شارەداریی تاران بە ئاماژەدان بە گەڵاڵەی خاوێنکردنەوەی شاری تاران گەڕان بەنێو زبڵەکانی بۆ کەسانی سەرەوەی ١٨ ساڵ وەک کارێکی فەرمی ڕاگەیاند.

بەم پێیە زبڵگەڕە ئێرانییەکان یان ئەو کەسانەی کە مۆڵەتی نیشتەجێبوون لە ئێرانیان هەیە، بە پشتبەستن بە گەڵاڵەی پۆلێنکردنی کار و بەپێی کاتە دیاریکراوەکان لە یاسای کاردا، مووچە و یارمەتی وەردەگرن.

ڕەزا محەممەدی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی بەڕێوەبردنی پاشماوەی شارەداریی تاران ئەم کارەی بۆ نەهێشتنی مافیای زبڵ و پاشماوەکان ناو بردووە و وتوویەتی دامەزراندنی هەموو ئەو کەسانەی کە بەنێو زبڵەکاندا دەگەڕێن لە دەستوری کاری شارەداریدایە.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە بەشێکی بەرچاو لەو کەسانەی کە بەم کارەوە خەریکن منداڵن. بەڵام ئەو بڕیارەی شارەداریی تاران بەبێ سەرنجدان بەو منداڵانە دەرکراوە کە کاری کۆکردنەوەی زبڵ دەکەن و لە بەردەستی مافیاکانی زبڵ و سواڵکردندان و کەڵکی خراپیان لێ وەدەگیرێ.

ئاماری ئەو کەسانەی کە زبڵ کۆ دەکەنەوە وەک ئامارەکانی دیکەی ئێران نوێ ناکرێتەوە، بەڵام لە ڕاپۆرتی شارەوانیی تاران لە ساڵی ٢٠١٩دا ڕاگەیەندرا کە ژمارەی ئەو کەسانەی کە زبڵ کۆ دەکەنەوە لە ئێراندا نزیکەی ١٤ هەزار کەسە و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە نزیکەی چوار هەزار و ٧٠٠ کەس لەو کەسانە کە زۆربەیان منداڵن، لە شاری تارانن.

جێگەی ئاماژەیە کە لە یاسای کاری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئیزن بە کارکردنی منداڵانی خوار تەمەنی ١٥ ساڵ نەدراوە، بەڵام لە شارەوانییەکاندا بەردەوام کەڵک لە منداڵانی کەمتر لە ١٥ ساڵ بۆ خاوێنکردنەوە و تەنانەت جیاکردنەوەی زبڵ و خاشاک بە حەقدەستێکی زۆر کەمەوە وەردەگیرێت.

بێکاری یەکێک لە گەورەترین کێشەکان لە ئێرانە، بەرپرسانی ڕێژیم بە تۆمارکردنی ناوی ئەم کەسانە لە ڕیزی کەسانی خاوەن کاردا، لە هەوڵی کەمکردنەوەی ئامارەکانی بێکاریدان و دەیانەوێ ڕاستییەکان چەواشە بکەن.