کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئه‌رتەشی ئیسرائیل ڤیدیۆی یه‌حیا سەنوار سه‌رۆكی حه‌ماسی له‌ توونێلێكی خان یوونسدا بڵاو كرده‌وه

17:51 - 25 رێبەندان 2723

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ٢٤ی ڕێبه‌ندان ئه‌رتەشی ئیسرائیل گرته‌ ڤیدیۆیه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ ئەم ڤیدیۆیە پێوەندیی بە هەڵهاتنی یەحیا سەنوار ڕێبه‌ری گرووپی حه‌ماس و بنەماڵەکەی لە توونێلێکی غەززە لە باشووری خان یوونسەوە هەیە.

 

دانیێل هاگاری وته‌بێژی ئه‌رتەشی ئیسرائیل له‌باره‌ی ده‌سبه‌سه‌ركردنی یه‌حیا سەنوار ڕێبه‌ری گرووپی حه‌ماس ڕایگه‌یاند كه‌ به‌ زیندوویی یا مردوویش بێ ده‌بێ ئه‌و بكوژه‌ سه‌ره‌كییه‌ ده‌سبەسەر بكه‌ین.

ناوبراو به‌ ئاماژه‌ دان به‌و ئیمكاناتانه‌ی كه‌ له‌و توونێلانه‌دا هه‌ن وتی كه‌ خه‌ڵكی غه‌ززه‌ ئه‌توانن ببینن كه‌ ڕێبه‌ره‌كانی حه‌ماس له‌نێو توونێله‌كانیاندا چۆن ژیان ده‌كه‌ن و ته‌نیا بیر له‌ خۆیان، بنه‌ماڵه‌كانیان و پارەكانیان ده‌كه‌نەوە.

ئه‌و ڤیدیۆیه‌ی كه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ كه‌متر له‌ یه‌ک خوله‌كه‌ و به‌ وته‌ی ئه‌رتەشی ئیسرائیل شه‌ش كه‌س له‌و ڤیدیۆیه‌دا دیارن كه‌ یه‌حیا سنوار و هاوژین و سێ منداڵه‌كه‌ی و برایه‌كی ناوبراون.

ئه‌رتەشی ئیسرائیل ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌و ڤیدیۆیه‌ هی سێ ڕۆژ پێش هێرشی حه‌ماس بۆ سه‌ر خاكی ئیسرائیل ‌له‌ مانگی ڕه‌زبه‌ردا بووه و‌ ڤیدیۆکان هی ئەو  كامێرا ئه‌منییه‌تییانەن کە حه‌ماس له‌و توونێلانه‌دا دایناون.‌