کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکی سانتاندێر پێشێلکردنی سزاکانی سەر ڕێژیمی ئێرانی ڕەت کردەوە

17:54 - 25 رێبەندان 2723

پاش بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمز سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی ڕێژیمی ئێران لە دوو بانکی بریتانیایی بۆ دەوردانەوەی گەمارۆکان، بانکی سانتاندێر پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێرانی ڕەت کردەوە.

دوو هەواڵدەریی بلومبێرگ و ڕۆیتێرز ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕێبەندان نووسراوەیەکیان لە بانکی سانتاندێر بڵاو کردەوە کە بەتوندی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆڕتە بەرپرسی پێوەندییە جیهانییەکانی بانکی سانتاندێر لە نووسینگەی ناوەندیی ئەو بانکە لە ئێسپانیا بە نووسراوەیەکی نێوخۆیی ڕاپۆرتەکەی فاینەنشاڵ تایمزی ڕەت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە پاش لێکۆڵینەوەیەکی بەرین لەو دامەزراوە و ئەو کەسانەی کە لە ڕاپۆرتەکەی فاینەنشاڵ تایمزدا ئاماژەیان پێکرابوو بەم ئاکامە گەیشتین کە لە هیچ یەک لە لقەکانی ئەم بانکە لە وڵاتە جیاجیاکاندا، نموونەیەک لە پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران، نەبووە.

فاینەنشاڵ تایمز ڕۆژی ١٥ی ڕێبەندان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە چەند هەژمار لە بانکەکانی سانتاندێر و لویدز کردبوو کە سەر بە شیرکەتی بازرگانیی پێترۆشیمیی ئێرانە کە لەنێو لیستەی گەمارۆکانی ئەمریکادایە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە شیرکەتی ناوبراو بە کەڵکوەرگرتن لە شیرکەتە درۆیین و ڕواڵەتییەکان لەو دوو بانکەدا هەژماری هەیە و لەو ڕێگەوە پارەی بۆ ئێران و وڵاتانی دیکە گواستووەتەوە و سزاکانی دەور لێ داوەتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەی فاینەنشاڵ تایمزدا باس لە شیرکەتێک بە ناوی "پیسکۆ" کراوە کە نوسینگەکەی لە لەندەن تۆمار کراوە و لە بانکی سانتاندێر هەژماری هەیە، بەڵام شێرکەتەکە لە ڕاستیدا سەر بە شیرکەتی پێترۆشیمیی ئێرانە.

شیرکەتی پێترۆشیمیی ئێران ساڵی ٢٠١٨ی زایینی بە هۆی دابینکردنی بوودجەی سپای قودس، لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها ئەم ڕۆژنامە بریتانیاییە لە چارتێکدا ئاماژەی بە کۆمەڵێک تۆڕی سەر بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان کردووە کە ڕێژیمی ئێران بۆ پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکان و گواستنەوەی پارە، کەڵکیان لێ وەردەگرێت.

لە ساڵانی ڕابردوو و بەتایبەت پاش چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە بەرجام، سزاکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بە هۆی بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی کە مەترسی بۆ سەر جیهانن و هەروەها چالاکییە تێرۆریستییەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە، چڕتر بووەتەوە و ڕێژیم بەردەوام لە ڕێگە جۆراوجۆرەکانەوە هەوڵی پووچەڵکردنەوەی ئەو سزایانەی داوە.