کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران، ئەمریکای بە دزینی فڕۆکەیەکی خۆی تۆمەتبار کرد

17:56 - 25 رێبەندان 2723

ناسرکەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ڕێبەندان، دەستبەسەرداگرتن و گواستنەوەی فڕۆکەی بارهەڵگری ٧٤٧ی کۆمپانیای ئیمتراسور"ی ڤێنۆزۆئێلا بۆ ئەمریکای بە کارێکی نایاسایی و بە ڕفاندن ناو برد.

وەزارەتی دادگوستەریی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی ڕێبەندان، جێبەجێکردنی فەرمانی کۆتایی بۆ دەسبەسەرداگرتنی فڕۆکەی بارهەڵگری جۆری بوینگ ٧٤٧ی ڕاگەیاند کە پێشتر سەر بە کۆمپانیای ماهان‌ئەیری سەر بە سپای قودس بووە.

بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دادگوستەریی ئەمریکا، دەوڵەتی ئارژانتین ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕێبەندان، دوای فەرمانی یەکلاکەرەوەی دەسبەسەرداگرتنی فڕۆکەی بارهەڵگری جۆری بۆینگ ٧٤٧ کە لە ڕێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٢ لەلایەن دادگای واشنگتۆنەوە دەرچوو، فڕۆکەکەی ڕادەستی ئەمریکا کرد و ئێستا ئەو فڕۆکەیە گەیشتووەتە باشووری فلۆریدا.

کەنعانی لە کاردانەوە بەم دەسبەسەرداگرتنەدا، ئەمەی بە کردەوەی دوژمنکارانە و تاکلایەنەی ئەمریکا، پێشێلکردنی پڕەنسیپی بنەڕەتیی مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی نێونەتەوەیی ناو بردووە و مەحکوومی کردووە.

 وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٨وە،  بەهۆی پاڵپشتیکردنی هێزی قودسی سپای پاسداران، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهان ئەیری خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

لەو پێیوەندییەدا، ئەمریکا بڵاوی کردەوە کە سپای پاسداران بۆ ناردنی چەک ببەمەبەستی تەیارکردنی گرووپە تیرۆریستی و میلیشیاکانی ناوچەکە، لە فڕۆکەکانی کۆمپانیای ماهان ئەیر کەڵک وەردەگرێت.