کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە هونەرمەندێکی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە

18:14 - 25 رێبەندان 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕێبەندان، هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران، بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە هونەرمەندی خەڵکی سنە، بابەک محەممەدی، ناوبراوی ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کردووە.

سپای پاسدارن ئەم گرتە ڤیدیۆیەی بە هاشتەگی سپای پاسدارنی ئینقلابی ئیسلامی و بە دانانی دڵێک لەلای، لە ئینستاگرامی ئەم هونەرمەەندەدا بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ئیلاعاتی سپا پاش دەسبەسەرکردنی ئەم هونەرمەندە کوردە و ئازاردان و هەڕەشەکردن لە ناوبراو، ناچاری کردووە کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا و لە دانپێدانانی زۆرەملێدا داوای لێبوردن لە سپای پاسداران بکات.

بەپێی ڤیدیۆکە، ئەم هونەرمەندە لە دانپێدانانە زۆرەملێیەکەدا دەڵێ: هیچ ئامانج و مەبەستێکی خراپم بۆ هیچ ناوەندێک و بەتایبەت سپای پاسداران نەبووە و چیتر ئەم کارە دووپات ناکەمەوە، هیوادارم بمبەخشن. ئەمنیەتی ئێستای وڵاتەکەمان، قەرزداری سپای پاسدارانین".

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردودا، بابەک محەممەدی لە ڕێوڕەسمێکدا، بە وتنی گۆرانییەک، سپای پاسدارانی فیدای کچێک کردووە کە سپا ئەمەی بە بێڕیزی بە خۆی زانیوە و ناوبراوی ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، سپای پاسداران گوشاری خستووەتە سەر لاپەڕەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە ڤیدیۆی ئەم گۆرانییە بسڕنەوە.

دوابەدوای وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەم هونەرمەندە کوردە، کۆمەڵێک لە چالاکانی سۆشیاڵ میدیا لە کاردانەوە بەم کارەی ڕێژیم، وێڕای ڕوونکردنەوەی بابەتەکە، سەرلەنوێ گۆرانییەکەی بابەک محەممەدیان بڵاو کردەوە.