ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕێبەندان، لە گوندی هەڵوێی سەر بە شاری سەردەشت ڕێوڕەسمی فۆلکلۆری "بێڵندانە" بەڕێوە چوو.
ئەو ڕێوڕەسمە کوردەوارییە کە هاوشێوەی نەورۆزە بە بەشداریی بەرچاوی خەڵکی ئەم ناوچەیە بەڕێوە چوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا خەڵکێکی زۆر بە لاو و پیر و منداڵەوە و بەجلوبەرگی ڕازاوەی کوردەواری هەروەها بەجۆش و خرۆشەوە پێشوازی لەو بۆنە فۆلکلۆرە دەکەن و چەندین بەرنامەی جیاوازی وەک هەڵکردنی ئاگر، شانۆ، خوێندنەوەی شێعر، قسەی خۆش و جۆرەکانی هەڵپەڕکێ و گۆرانیی تێدا بەڕێوە دەبەن.
ئەو بۆنەیە هەر ساڵ لە کوردستانی باشوو ر و ڕۆژهەڵات بەتایبەت لە ناوچەکانی "سەردەشت و مەهاباد" و ناوچە کوێستانییەکان بە مەبەستی وەبیرهێنانەوە و زیندووکردنەوەی دابونەریتی کۆنی کوردەواری بەڕێوە دەچێت.
"بێڵندانە" بە نیشانەی نەمانی سەرماوسۆڵە و قاتوقڕی بەڕێوە دەچێت و خەڵک لەم ڕێوڕەسمەدا مزگێنیی هاتنی بەهار و نەمانی ستەم و زۆرداری بە یەکتر دەدەن.
ڕێوەڕەسمی "بێڵندانە" مێژووەکەی بۆ ٥ یان ٦ هەزار ساڵ پێش دەگەڕێتەوە، کە لە کۆتایی چلەی یەکەمی زستانی هەموو ساڵێکدا واتە نێوەڕاستی زستان، گەلی کورد لە کۆنەوە ئەو ڕێوڕەسمەیان بەڕێوە بردووە.