کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی ڕێژیم بۆ گوشارخستنە سەر دووکاندارنی شاری مەهاباد

11:32 - 14 رێبەندان 2723

دوای ئەوەیکە لە چەند شاری کوردستان، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین و مەحکوومکردنی لەسێدارەدرانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد، دووکان و بازاڕەکانیان داخست، ڕێژیمی ئێران گوشارەکانی بۆ سەر هاووڵاتییانی کوردستان چڕتر کردوونەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەی بازرگانی، سەندیکاکان کە مۆڵەتی کاریان بە کاسبکاران داوە، فەرمانداریی مەهاباد و ئیدارەی ئیتلاعات لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە چەندین دانیشتنیاندا بڕیاریان داوە کە هەژماری بانکیی هەموو ئەو دووکاندارەکانی شەقامی قاسملوو، کە ڕۆژی سێشەممە ١٠ی ڕێبەندان بۆ مەحکوومکردنی لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد مانیان گرتبوو، دابخرێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فەرمانداری و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە مەهاباد داوایان لە بانکەکان کردووە کە بە ڕادەەستکردنی لیستە و ژمارەی هەژماریی بانکی ئەو کەسانەی کە دەزگای خوێندنەوەی کارتیان هەیە، هاوکارییان بکەن.

بەپێی زانیارییەکان ڕێژیم دەیهەوێ، بە تۆڵەی داخستنی دووکان و بازاڕەکان، هەژماری بانکیی هاووڵاتییان دابخات.

ڕۆژی دووشەممە، ٩ی ڕێبەندان، چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتحی، وەفا ئازەربار، محەممەد فەرامەرزی و موحسن مەزڵووم، پاش ١٩ مانگ بێسەروشوێنبوون و پاش یەکەمین و ئاخرین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە بەندیخانەی قزلحساری کەرەج لە سێدارە دران کە ئەمە ناڕەزایەتی و کاردانەوەیەکی زۆری لە نێوخۆ و دەرەوە لێکەوتەوە و خەڵکی کوردستان، ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان، بە نشانەی ناڕەزایەتی بەم کردەوەیە، مانیان گرت و دووکان و بازاڕەکانیان داخست.