کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە ئوتریش لەگەڵ چەند بەرپرسی ئەو وڵاتە

10:42 - 26 رێبەندان 2723

ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، محەممەد فەقێ عەلی بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش لە دیدارێکدا لەگەڵ دوکتور هێلموت براندشتێتەر ئەندام پارلمانی حیزبی لیبرال دیموکراتی ئوتریش و هەروەها دکتۆر تۆماس یاندڵ ڕاوێژکار بۆ کاروباری دەرەوە، لە کلوبی پارلمانتارانی ئەو حیزبە کۆ بووە.

لەو دیدارەدا پرسی کورد بە گشتی و کورد لە ئێراندا بە تایبەتی هەروەها چاوڕوانییەکانی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەندامانی داهاتووی پارلمانی ئورووپا و چەندین بابەتی دیکە قسە کرا.

لە درێژەی ئەم دانیشتنەدا، محەممەد فەقێ عەلی ئاوڕێکی لە ڕۆڵی کورد لە ئێران دا و باسی لە شۆڕشی ''ژن، ژیان، ئازادی'' ڕۆڵی بەچاوی کورد و سەرکوتکارییەکانی ڕێژیمی ئێران کرد.

لەم دانیشتەندا نوێنەری حیزب چەند داواکاریەکی پێشکەش بە دوکتور براندشتێتەر و دوکتور تۆماس یاندڵ کرد کە بریتی بوون: ''پشتوانیی لە گەڵی کورد، هەوڵدان بۆ ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی دەست لە ئێعدامکردن هەڵبگرێت، سپای پاسداران بخرێتە لیستی تێرۆری وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپاوە و  هەوڵی کۆنترۆڵکردن و پشکنینی بەشی هەرە زۆری کارخانەجاتەکان کە لەلایەن ئێرانییەکانەوە دامەزراون.

لە کۆتایدا هەریەک لە دوکتۆر براندشتێتەر و دوکتۆر یاندڵ خۆشحاڵیی خۆیان لەو سەردانەی نوێنەری حیزبی دێموکرات دەربڕی، هیواداریان خواست کە هەردوو حیزبی دیمۆکرات و لیبراڵ دیمۆکراتەکانی ئوتریش زیاتر لە ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان لەگەڵ یەکتر کەڵک وەرگرن. هەروەها بەڵینیان دا کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی کاری خۆیاندا هەموو هەوڵێک بۆ جیبەجێکردنی خاڵە پێشنیاریەکان دەدەن.