کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخستنی هەژماری بانکیی کەسبکارانی بۆکان دوای مانگرتن بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سزای سێدارە

10:45 - 26 رێبەندان 2723

ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران لە دوو حەفتەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو گوشاریان خستووەتە سەر کاسبکارانی شارە جیاجیاکانی کوردستان بەهۆی بەشدارییان لە مانگرتنی ناڕەزایەتیی ئەم دوایییانە لە دژی جێبەجێکردنی سزای چوار بەندکراوی سیاسی کورد و لەم پێوەندییەشدا هەژماری بانکیی بەشێکی بەرچاو لە کاسبکارانی شاری بۆکان داخراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو'' لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بەرپرسی بەڕێوەبەریی پیشەسازی و کانگە و بازرگانیی شاری بۆکان، هەژماری بانکیی زۆرێک لە کاسبکارانی ئەو شارە بەهۆی بەشداریکردنیان لە مانگرتنی گشتی ئەم مانگە، داخراوە.

بەپێی زانیارییەکان، بانکە جیاوازەکانی ئەو شارە وەک "ڕفا و میللەت" بە فەرمانی بەڕێوەبەریی پیشەسازی و ئیدارەی بازرگانی هەژماری بانکیی کاسبکارانی ئەم شارەیان داخستووە.

جێگەی ئاماژەیە لە پێشتریش چەند ڕاپۆرت لەسەر داخستنی هەژمارە بانکییەکانی کاسبکارانی شارەکانی سەقز و مەهابادی بڵاو کرابووە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربەر و پێژمان فاتیحی، هەروەها زۆربوونی ئاماری لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کوردستان، هاووڵاتییان لە شارە جیاوزەکانی کوردستان مانگرتنی گشتییان بەڕێوە برد.