کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زانکۆکانی ڕۆژاوا لە توێژینەوەی تێکنۆلۆژیی دڕۆنەکان، یارمەتیی زانکۆی شەریفی ئێرانیان داوە

11:45 - 26 رێبەندان 2723

زانکۆکانی بریتانیا ئوسترالیا و ئەمریکا لە توێژینەوەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ زانکۆی سەنعەتی شەریفی ئێران سەبارەت بە تێکنۆلۆژیی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هاوکاریان کردووە.

سێ زانکۆی ساوتهەمپتۆنی بریتانیا، نیوساوت وێلزی ئوستوڕاڵیا و هیووستنی ئەمریکا لەگەڵ زانکۆی شەریفی ئێران لە توێژینەوەیەکی پێوەندیدار بە بەکارهێنانی دڕۆنەکان لە تۆڕە بێسیمەکاندا پێکەوە هاوکارییان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی گاردیەن ئەنجومەنەکانی توێژینەوەی سەر بە یەکیەتیی ئورووپا و دەوڵەتی بریتانیا و ئوستوالیا، بوودجەی ئەم توێژینەوەیان دابین کردووە.

کارناسێکی ئەمنییەتی سەبارەت بەم توێژینەوە بە گاردیەنی ڕاگەیاندووە، ئەم توێژینەوەیە پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە کاروباری سەربازییەوە هەیە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەگەر هێزی بەرامبەر تێکچوونیی سیگناڵی دروست کرد، بتوانن لە ڕێگەی کاناڵێکی نوێوە، پێوەندیی دروست بکەن.

بە وتەی ئەم کارناسە ئەم تواناییە لە ئێستادا لە دڕۆنەکانی ئێران کە لە شەڕی ئوکڕایندا بەشدارن، دەبیندرێت و بەکاری دێنن.

هەر لەم پێوەندییەدا حەوتەنامەی "جویش کرۆنیکڵ" جۆزەردانی ئەمساڵ لە ڕاپۆرتێکدا پەرژابووە سەر هاوکاریی زانکۆکانی بریتانیا لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامی لە توێژینەوەی سەبارەت بە پەرەدان بە تێکنۆلۆژیی دروستکردنی دڕۆن و فڕۆکەی شەڕکەر.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لانیکەم ١١ زانکۆی بریتانیایی وەک زانکۆ بەناوبانگەکانی کەمبریج و ئێمپریاڵ کالێجی لەندەن لەم توێژینەوەیەدا بەشدارییان کردووە.

زانکۆی شەریفی تاران بەهۆی یارمەتی و بەرەوپیشبردنی بەرنامەی دڕۆنیی ڕێژیمی ئێران،  لەژێر سزا داراییەکانی بریتانیا و یەکیەتیی ئورووپادایە.

بریتانیا و ئەمریکا و کانادا سەبارەت بەم پرسە هەندێک ڕێوشوێنیان بۆ پێشگرتن بە هاوکاریی زانکۆکانی وڵاتەکانیان لەگەڵ زانکۆ ئێرانییەکان گرتووەتە بەر.