کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان

11:53 - 26 رێبەندان 2723

ئەرتەشی ئیسرائیل لە وڵامی هێرشی حیزبوڵلا بۆ سەر باکووری وڵاتەکەیان، چەند هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر باشووری لوبنان ئەنجام دا.

پاش هاویشتنی ژمارەیەک ڕاکێت لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لەلایەن حیزبوڵلای لوبنانەوە بۆ سەر باکووری ئیسرائیل، ئەرتەشی ئیسرائیل لە وڵامێکی سەربازیدا چەند هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ٣ گوند و ناوچە لە باشووری لوبنان ئەنجام دا.

لەم هێرشانەدا فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل شوێنی هاویشتنی ڕاکێت و مووشەکەکانی حیزبوڵلای لوبنانیان کردووەتە ئامانج و لەنێویان بردن.

لە کاتی دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و حەماس پاش هێرشی تێرۆریستانی حەماس بۆ سەر خاکی ئیسرائیل لە ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵدا، چەکدارانی حیزبوڵڵا بۆ پشتیوانیکردن لە حەماس ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج.

لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا تا ئێستا هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی کوژراوە و ٧ کەسی دیکەش بریندار بوونە.

ئیسرائیل لە کاردانەوە بەم هێرشانە بەردەوام باشووری لوبنان و فەرماندەکانی حیزبوڵلای کردووەتە ئامانج و هۆشداری داوە کە ئەگەر حیزبوڵلا کۆتایی بەم هێرشانە نەهێنێت، چارەنووسی غەززە لە پێش لوبنانیشدا دەبێت.

لە ئاکامی وڵامەکانی ئیسرائیل بە هێرشەکانی حیزبوڵڵا تاکوو ئێستا، ١٧٥ کەس لە چەکدارانی ئەم گرووپە تێرۆریستییەی سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژراون.

حەسەن نەسروڵڵا سەرکردەی حیزبوڵڵای لوبنان پێشتر ڕایگەیاندبوو ئەگەر ئیسرائیل شەڕ لە غەززە ڕابگرێت و بکشێتەوە، حیزبوڵڵای لوبنانیش کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەهێنێت.