کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی ئێرانییەکان لە سەرتاسەری ئورووپا بە دژی لەسێدارەدانەکان

11:56 - 14 رێبەندان 2723

هاوکات لەگەڵ زۆربوونی لەسێدارەدانەکان لە ئێران، هاووڵاتییانی ئێرانی لە ئورووپا بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ١٤ی ڕێبەندان خۆپیشاندانێک بە دژی ڕەوتی لەسێدارەدانەکان بەڕێوە ببەن.

بڕیارە کە لە شارەکانی پاریس، هانوفێر، فرانکفۆڕت، کۆڵن، ڤێنیز، ئامێسرێردام، بێڕن، ستۆکهۆڵم و چەند شاری دیکەی ئورووپا خۆپیشاندانەکان بە دژی لەسێدارەدانەکان لەلایەن ڕێژیمەوە بەڕێوە بچێت.

چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسن مەزڵووم، وەفا ئازەربار، پژمان فاتحی و محەممەد فەرامەرزی و هەروەها محەممەد قوبادلوو لە دەسبەسرکراوانی شۆڕشی ژینا لە ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سێدارە دران.

ڕێکخراوی لێبوردەی نێونەتەوەیی زۆربوونی لەسێدارەدانەکان لە ئێرانی وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیاسیی ناڕازییان و نەتەوەکان بەتایبەتی دوو نەتەوەی کورد و بەلووچ لە قەڵەم داوە.

لەم پێوەندییەدا سەعید دێهقان پارێزەر و کارناسی دادوەریی ڕۆژانی ڕابردوو لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی لومۆندی پاریس وتی: "پاش هێرشی حەماس لە ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵ بۆ سەر ئیسرائیل و دەسپێکی شەڕ و هاوکات لەگەڵ پشتگوێخستنی جیهانیی سەبارەرت بە دڕندەیی و لە سێدارەدانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕێژە و خێرایی لەسێدارەدانەکان لە ئێران زیادتری کردووە.

دێهقان جەختی کردبووەوە کە لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە، سەرکوتی ئاشکرا  توانایەکی باشی بۆ ترساندنی خەڵک هەیە و ئێستا کە شەقامەکان هێمن بوونەتەوە باشترین کات بۆ تۆقاندنی خەڵک و بڵاوکردنەوەی ترسە.