کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەتکرانەوەی ئیدعای ڕێژیم سەبارەت بە پێگەی زانست و تیکنۆلۆژی

10:45 - 28 رێبەندان 2723

پالی گراف، پرۆژەی پشتڕاستکردنەوەی دەنگی ئەمریکا بە لێکۆڵینەوە لە ڕیزبەندییە جیهانییە باوەڕپێکراوەکان لە بواری زانست و تێکنۆلۆژی، ڕایگەیاند کە ئێران بە پێچەوانەی ئیدعاکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا هیچ پێگەیەکی لە ڕیزەکانی سەرەوەی ئەم بوارەدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی پالی گراف، ژمارێک لە هەواڵدەرییەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دوایین ڕیزبەندی وڵاتانیان لە بواری زانست و تێکنۆلۆژیدا بڵاو کردووەتەوە کە سەرەڕای جیاوازیی نێوان ئەم ڕیزبەندییانە، ئێران لە هیچ کامیاندا نییە.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بەبۆنەی ٤٥ ساڵەی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی ئیدیعای کرد کە "ئێران ئەمڕۆ لە هەندێک بوارەکانی زانست و تێکنۆلۆژییدا لە ڕیزی ٥ وڵاتی سەرەکیی جیهاندا دێتە ئەژمار.

پێشتریش لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا، هەواڵدەریی ئیرنای ڕێژیم ئیدعای کردبوو کە ئێران لە بواری "بەرهەمهێنانی زانستی"یەوە لە ڕیزی ١٥ی جیهاندایە.

بەدواداچوونەکان دەریانخستووە کە بە پێچەوانەی ئەم ئیدعایە، وڵاتانی ژاپۆن، ئەمریکا، کۆرەی باشوور، ئاڵمان و سەنگاپوور لە بواری تێکنۆلۆژیدا پێشکەوتووترین وڵاتانی جیهانن، و ئێران تەنانەت لەنێو ١٩ وڵاتی پێشکەوتووی جیهانیشدا نییە.

کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٢دا، سویس، سوید، ئەمریکا، بریتانیا و سەنگاپووری بە پێنج ناوەندی زانست و تێکنۆلۆژیی سەرەکیی جیهان زانی کە ئێرانیش تەنانەت لە ڕیزی ١٥ وڵاتی سەرەکیی ئەم خشتەیەدا نەبوو.

لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا، "ئینسایدر مانکی"، ئەمریکا، سویس، کۆرەی باشوور، سوید و هۆڵەندی وەک پێنج وڵاتی پێشکەوتووی تیکنۆلۆژی لە ساڵی ٢٠٢٤دا ناساند و تەنانەت ئێرانیش لە ڕیزی ٣٠ وڵاتی سەرەکیدا نەبوو.