کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران شانبەشانی حوسییەکان لە یەمەن چالاکی دەکات

12:24 - 28 رێبەندان 2723

دەریاوان براد کوپێر، فەرماندەی باڵای هێزی دەریایی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە پشتیوانیی ئێران لە حوسییەکان لە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور گرینگە و هێزەکانی سپای پاسداران لە نێوخۆی یەمەندان.

براد کوپێر، فەرماندەی ناوگانی پێنجەمی هێزی دەریایی بە کاناڵی ''سی بی ئێس''ی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: سپای پاسداران لە نێوخۆی یەمەندایە و شانبەشانی حوسییەکان چالاکی دەکات و ڕاوێژیان پێ دەدات و و زانیارییان بۆ کۆ دەکاتەوە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کرد که ئەم پشتیوانییه له ماوەی دەیەی ڕابردوودا بەردەوام بووه و کۆماری ئیسلامی ساڵانێکه هاوکاریی حوسییەکان دەکات.

ئانتۆنی بلینکێن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندان ڕایگەیاند کە ٣٠ ڕۆژی دیکە حوسییەکان وەک گرووپێکی تێرۆریستیی نێودەوڵەتی دەخرێنە نێو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانی ئەمریکاوە.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕێبەندان، سێنتکام ڕایگەیاند کە لە دەریای عوماندا دەستی بەسەر کەشتییەکی هەڵگری چەکوچۆڵی ئێرانی بۆ حوسییەکان داگرتووە.