کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەڵکوەرگرتنی سپای پاسداران لە ژیریی دەستکرد بۆ دەسبەسەرکردنی چالاکانی ژن

12:34 - 28 رێبەندان 2723

کۆمپانیای مایکرۆسافت لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە کەڵکوەرگرتنی هاکێرەکانی ئێران، چین، ڕووسیە و کۆرەی باکوور لە ژیریی دەستکردی ئەو کۆمپانییە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانی مایکرۆسافت، هاکێرە دەوڵەتییەکانی ئەو چوار وڵاتە لە ژیریی دەستکردیی مایکرۆسافت، بە مەبەستی چالاکیی سیخوڕی بۆ ئەرتەشی ڕووسیە و سپای پاسداران و ناوەندە دەوڵەتییەکانی چین و کۆرەی باکوور، کەڵکیان وەرگرتووە.

لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سپای پاسدارانی ئێران لە ژیریی دەستکرد کەڵکی وەرگرتووە تاکوو دژبەران و ناڕازییان بخاتە نێو داوی خۆیەوە.

هاکێرەکانی سەر بە سپای پاسداران لە ئامێری "ئۆپێن ئەی ئای" بۆ ناردنی ئیمەیل و نامەهایەک کەڵکیان وەرگرتووە کە نێوەڕۆکێکی خڵەتێنەریان هەبووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە نموونەیەک لەم نامانەدا چەند چالاکی ژن و فێمێنیستی ناودار کێشراونەتە نێو ماڵپەڕێکەوە کە وەکوو داو بەکار هێنراوە.

پاش بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و ڕۆڵی سەرەکیی ژنان لەو بزووتنەوەیەدا، ڕێژیم بە شێوازی جۆراوجۆر و بەردەوام لە هەوڵی لەداوخستن و دەسبەسەرکردنی ژنانی چالاک و دژبەری ڕێژیم بووە.