کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم هێزە نیزامییەکانی لەسەر سنووری ئەفغانستان زیاد دەکات

16:26 - 28 رێبەندان 2723

فەرماندەی ئەرتەشی ڕێژیمی ئیسلامی لە کاردانەوە بە قسەکانی وتەبێژی تاڵەبان ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران مافی خۆیەتی کە بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی خۆی لەسەر سنوورەکان بەربەست ساز بکات و ئەمە نابێت ناڕەزایەتیی وڵاتانی دراوسێی لێ بکەوێتەوە.

کەیۆمەرس حەیدەری فەرماندەی هێزی زەمینیی ڕێژیمی ئێران وتی: دابینکردنی ئەمنییەت لە ڕێگەی دروستکردنی بەربەست لە سەر سنوورەکان، ئەرکی هێزە چەکدارەکانە.

حەیدەری زیادی کردووە کە ئەم بەربەستە لە ڕێگەی ئامادەبوونی هێزەکانیان لەسەر سنوورەکان ئەنجام دەبێت.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا زەبیحوڵڵا موجاهد وتەبێژی تاڵەبان سەبارەت بە بەربەستەکانی ڕێژیم لەسەر سنووری ئێران و ئەفغانستان کاردانەوەی نیشان دا و ڕایگەیاند ئەم هەوڵانە بە بێ ئاگادارکردنەوەی تاڵەبان ئەنجام دراون.

دەوترێت کە ئەم هەوڵە نوێیانەی ڕێژیم لە ترسی چەکدارانی لقی داعشی خوراسانە کە لە ڕێگەی خاکی ئەفغانستانەوە بیانهەوێت بێنە نێو ئێرانەوە.

ڕێژیم بە بەردەوامی لە سنوورەکاندا هەستی بە مەترسی کردووە و لە هەوڵدا بووە کە بە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان، کەڵک لە سنوورەکان وەربگرێ. تا جێگایەک کە بە بێ گرینگیدان بە وڵاتانی دراوسێی خۆی بەربەستی لەسەر سنوورەکان ساز کردوون یان هەوڵی مینڕێژکردنی سنوورەکانی داوە.

پاش دەسبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵەبانەوە، چەند جارێک لەنێوان هێزە سنوورییەکانی دوو وڵات شەڕ و پێکدانان ڕووی داوە کە کوژراو و برینداریشی لێ کەوتووەتەوە.