سەرەڕای ئەوەی کە کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی نرخی هەڵاوسانی لە ساڵی داهاتوودا ٤٠ لەسەد پێشبێنی کردووە، ئابووریناسێک ئەم نرخەی بۆ ساڵی داهاتوو، زیاتر لە ٦٠ لەسەد ڕاگەیاندووە.
حوسێن ڕاغفەر، کارناسی ئابووری، بە پێچەوانەی ئیدعای دەوڵەتی ڕەئیسی، نرخی هەڵاوسانی بۆ ساڵی داهاتوو ٦٠ لەسەد و تەنانەت زیاتر لەم ڕێژەیەش بەراورد کردووە و هۆکارە سەرەکییەشی بۆ دەوڵەت و سیاسەتەکانی پێوەندیدار بە دراو بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بوودجە گەڕاندووەتەوە.
بە وتەی ئەم ئابووریناسە، گرینگترن هۆکاری هەڵاوسان "نرخی دراو"ە کە لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بوودجە ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە سەرچاوەی سەرەکیی هەڵاوسان لە ئێراندا خودی دەوڵەتە چونکە لە بەرانبەر ئاکامی بڕیارەکان و سیاسەتەکانی خۆی لە بواری نرخی دراودا هیچ بەرپرسایەتییەک لە ئەستۆ ناگرێ.
حوسێن ڕاغفەر ڕایگەیاندووە کە نایەکسانیی تێچووەکان و دۆخی ساڵی داهاتوو خراپتریش دەبێت و بە پێچەوانەی ئیدعای دەوڵەت کە هەڵاوسانی ئێستای ٤٠ لەسەد ڕاگەیاندووە و هەر ئەمەشی بۆ ساڵی داهاتوو پێشبێنی کردووە، ئەگەری زۆرە کە هەڵاوسان ٦٠ لەسەد یان زیاتر لەوەش بەرز بێتەوە.