کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی حه‌وت داوای له‌ ئێران كرد له‌ ناردنی چه‌ک بۆ‌ ڕووسیه خۆ ببوێرێ

11:41 - 29 رێبەندان 2723

ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٨ی ڕێبه‌ندان، دوای كۆنفرانسی ئه‌منییه‌تیی مونیخ، وه‌زیرانی گرووپی حه‌وت  پێكهاتوو له‌ حه‌وت وڵاتی پیشه‌یی جیهان، ئامریكا، كانادا، بریتانیا، فه‌رانسه‌، ئیتالیا، ئاڵمان و ژاپۆن، له‌ ڕاگه‌یندراوێكی هاوبه‌شدا به‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سەر پشتیوانیی خۆیان له‌ وڵاتی ئۆكراین، داوایان له‌ ڕێژیمی ئێران كرد كه‌ هاوكاریی نیزامی و ناردنی چەکوچۆڵ بۆ ڕووسیه‌ ڕابگرێ.

له‌و ڕاگه‌یەندراوه‌دا داوا له وڵاتانی دیكه‌ كراوه‌ كه‌ ڕێگری له‌ دابینكردنی ئامراز و كه‌لووپه‌لی پێوه‌ندیدار به‌ به‌رنامه‌ی په‌هپادیی ئێران بكه‌ن چونكه‌ به‌‌ مه‌به‌ستی پشتیوانیكردن له‌ ڕووسیه‌ كه‌ڵكیان لێ وه‌رده‌گرێ.

ئۆكراین و وڵاتانی ڕۆژاوایی پێشتریش‌ به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ناردنی په‌هپاد و چه‌كی ئێرانی بۆ ڕووسیه‌ بۆ شه‌ڕ دژی ئۆكراین و خه‌ڵكی سێڤیل له‌ ئۆكراینیان پشتڕاست كردووەتەوه‌‌، به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی ڕێژیمی ئێران ئه‌و بابه‌ته‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و حاشای لێ ده‌كه‌ن.

وه‌زیرانی ئه‌و ٧ وڵاته جه‌ختیان له‌و كردووەته‌وه‌ كه‌ ڕێگه‌ ناده‌ن ڕێژیمی ئێران ده‌ستی به‌ چه‌كی ئه‌تۆمی ڕابگات.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و ڕاگه‌یەندراوه‌دا باس له‌ ناردنی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی بۆ ‌گرووپی حوسییه‌كان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ كراوه‌ كه‌ بووه‌ته‌ هۆی زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزی له‌ ناوچه‌کەدا.