لە درێژەی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان و پەرەدان بە یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ خەڵکی غەززە، ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بڕیارە حەفتەی داهاتوو سەردانی عەرەبستان، میسر، قەتەر، ئیسرائیل و ئۆردۆن بکات.
لە ١٥ی ڕەزبەرەوە و هاوکات لەگەڵ دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و غەززە، ئەمە پێنجەمین سەفەری بلینکێن بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. لەم سەردانانەدا بڕیارە قسە لەسەر ڕاگرتنی شەڕ و ئازادکرانی دیلەکان بکرێ.
یەکێک لە بەرپرسانی حەماس، ڕایگەیاندووە کە بە زووترین کات وڵامی پێشنیارەکەی میسر، ئەمریکا و قەتەر دەدەنەوە.
مەتیۆ میلێر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وتوویەتی کە ئانتۆنی بلینکێن هەوڵ بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی یەکپارچە دەدات کە تێیدا ئاشتی و ئاسایش بە شێوەی یەکسان بۆ ئیسرائیل و فەلەستین، دابین بکرێ.
میلێر بە ئاماژە بەوەی کە سەفەرەکەی بلینکێن، پرسی هێرشی حوسییەکان لە دەریای سووریش لەخۆ دەگرێ، وتوویەتی کە ئەمریکا بە مەبەستی بەرگریکردن لە هێزەکانی خۆی و مافی کەشتیوانیی ئازاد لە دەریای سووردا، هەنگاو هەڵدەگرێ، بەڵام ئامانجی بلینکێن، پیشگرتن لە پەرەسەندنی دەرگیرییەکان دەبێ.
لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لە ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ئەمساڵدا، لانیکەم ١٢٠٠کەس کوژران کە زۆرتریان، خەڵکی سڤیل بوون. ئەندامانی گرووپی حەماسی سەر بە ڕێژیمی ئێران، زیایر لە ٢٤ کەسی ئیسرائیلییان بەبارمتە گرتبوو کە زۆربەی منداڵ و بەساڵاچوو بوون.