ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری لە دوو بەرپرسی ڕۆژاوایی و کارناسێکی نیزامیی سەر بە سپای پاسدارانەوە ڕایگەیاندووە کە هێرشەکانی سەر دوو هێڵی گەورەی گواستنەوەی گاز لە ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کاری ئیسرائیل بووە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتەکەیدا باس لەو تەقینەوانە دەکات کە لە چەند خاڵێک لە دوو هێڵی گاز لە پارێزگاکانی فارس و چوارمەحاڵ و بەختیاری و تەقینەوەیەک لە کارخانەیەکی ماددەی شیمیایی لە نزیک تاران ڕوویان داوە و خراونەتە پاڵ ئیسرائیل.
ئەم ڕۆژنامەیە لە زاری بەرپرسانی ئێرانەوە و بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتە نێوخۆییەکان ڕایگەیاندووە کە ئەم تەقینەوەیە دابەشکردنی گازی لە باڵەخانە حکوومەتییەکان و خانوو و کارگە گەورەکان لە لانیکەم پێنج پارێزگای ئێران پەک خستووە.
ڕۆژی پێنجشەممە، وێنەی تەقینەوەیەک لە کارخانەیەکی شیمیایی لە شاری قودسی تاران بڵاو کرایەوە. ئەم تەقینەوەیە گەڕەکێکی هەژاند و دووکەڵ و ئاگری گەوەرەی لێکەوتەوە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری دوو بەرپرسی ڕۆژاواوە نووسیویەتی ئەم ڕووداوە کاری ئیسرائیل بووە.
وەحید گوڵیکانی فەرمانداری شاری قودس ئاماژەی بەوە داوە کە هۆکاری تەقینەوەکە ئەمنییەتی نەبووە و وتی: "ڕووداوەکە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە تانکی شیمیایی شیرکەتێکی تایبەتی بەرهەمهێنانی ماددەی شیمیایی بووە".
بەرپرسانی ڕۆژاوا و کارناسێکی نیزامی لە ئێران بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە، کە عەمەلیاتەکانی ئیسرائیل پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە ژێرخانی ئێران و هاواهەنگییەکی ورد هەبووە، بەتایبەتی کە دوو هێڵی گاز لە یەک کاتدا لەسەر چەندین نەخشە کراونەتە ئامانج.
ئەو ڕۆژنامەیە لە زاری کارناسێکی نیزامیی سەر بە سپای پاسدارانەوە نووسیویەتی کۆماری ئیسلامی بەهۆی ئاڵۆزی و قەبارەی ئەو عەمەلیاتەوە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئیسرائیل لە پشتەوەی ئەم هێرشەوە بووە.