ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، هاوکات کە ئەمریکا هەوڵ دەدات هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و گوشارەکانی بۆ ڕاگرتنی ململانێکان کۆنتڕۆڵ بکات، دەوڵەتی بایدن بۆ ناردنی بارێکی نوێی چەکوچۆڵ بۆ ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات.
ئەم ڕۆژنامەیە لە زاری بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکاوە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم بارە نزیکەی هەزار بۆمب و فیووز و کیتی ڕێنمایی تەقەمەنی هێرشی ڕاستەوخۆ لەخۆ دەگرێت کە بە شێوەیەکی بەرچاو، وردبینیی بۆردومانەکە زیاد دەکات.
بەهای ئەم یارمەتییە نیزامییە بە دەیان میلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەرپرسان دەڵێن ئەو پێشنیارە هێشتا لەلایەن دەوڵەتەوە لەژێر پێداچوونەوەدایە و پێش ئەوەیکە بۆ پەسەندکردنی ڕەوانەی کۆنگرە بکرێت، ئەگەری گۆڕانکاریی هەیە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئورشەلیم لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ئیسرائیل دەیهەوێت بە خێرایی ئەم چەکانە وەربگرێت بۆ ئەوەی لە بەرامبەر هەڕەشەی بەردەوام و سەرهەڵدانی تازە لە ناوچەکە بەرگری لە خەڵکەکەی بکات.
ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای لە ئیسرائیل و حەماس کردووە دەستبەجێ ئاگربەست ڕابگەیێنن و بۆ گەیشتن بە ڕیگەچارەیەکی بەردەوام بۆ ئەو ململانێیە کار بکەن.
بێنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕێبەندان ڕایگەیاند، وتوویژەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان تووشی بنبەست بووە، ئیسرائیلیش بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح درێژە بە بەرنامەکانی خۆی دەدات.