کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری ئەمریکا داوا لە ئێران دەکات پێش بە هێرشی حوسییەکان بگرێت

12:52 - 29 رێبەندان 2723

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری یەمەن، داوا لە ڕێژیمی ئێران دەکات تاکوو ئامۆژگاریی حوسییەکان بکات کە دەس لە هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان هەڵگرن.

تیم لێندێرکینگ لە وتووێژێکدا وتی: حوسییەکان لە ئێران فەرمان وەرناگرن بەڵام ئێران پشتیوانیی زۆریان لێ دەکات و چەکوچۆڵیان پێ ئەدات و هانیان ئەدات تاکوو هێرش بکەنە سەر کەشتییەکان و ئێمە داوا دەکەین کە ئەمانە ڕابگرن.

لێندێرکینگ زیادی کردووە کە هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان ئاکامی گرژییەکان لە غەززەیە و ئەمە زیانێکی زۆر بە وڵاتان و خەڵکی ناوچەکە دەگەیەنێت.

ئەم قسانەی تیم لێندێرکینگ لەکاتێکدایە کە حوسییەکان لە نوێترین هەوڵی خۆیاندا، نەوتهەڵگری "پۆلۆکس"یان بە مووشەک کردە ئامانج.

کەشتیی نەوتهەڵگری پۆلۆکس بە ئاڵای وڵاتی پاناماوە ڕۆژی شەممە لەکاتێکدا کە خەریکی گواستنەوەی نەوت بۆ هێند بوو کرایە ئامانج و زیانی بەرکەوت.

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری یەمەن سەبارەت بە زیادکردنی حوسییەکان بە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان وتی: دانانی ئەوان لەم لیستەدا هەنگاوێکی پێویستە بۆ ئەوەی کە گوشاریان بخرێتە سەر و هێرشەکانیان ڕابگرن.

جێی ئاماژەیە کە ئەمریکا لە سەردەمی دوناڵد ترامپدا حوسییەکانی یەمەنی وەک گرووپێکی تێرۆریستیی ناساند بەڵام پاش هاتنەسەرکاری جۆ بایدێن ئەو گرووپە لە لیستەی گرووپە تێرۆریستییەکان دەرهێنرا.

هێرشی حوسییەکان ناوچەیەک لەخۆ دەگرێت کە نزیک بە ١٢ لەسەدی بازرگانیی دەریایی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و هەر ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە کە نرخی شتومەکی پێویست وەک خواردن، دەرمان و سووتەمەنییەکان لە ئاستی جیهاندا بەرز ببێتەوە.