دەنگوڕينگی ڕێژیم کە ئەرکی سەپاندنی ئیدئۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمەی بەسەر خەڵكدا لە ئەستۆیە، سەرەڕای وەرگرتنی بوودجەی زۆر، لەلایەن خەڵکەوە هیچ پێشوازییەکی لێ ناکرێت.
ژمارەیەک لە میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، نوێترین ئامارەکانی پێوەندیدار بە ڕێژەی بەردەنگی بەرنامەکانی دەنگوڕەنگی ڕێژیمیان بڵاو کردووەتەوە کە دەریدەخات بەردەنگەکانی ئەم ڕێکخراوەی سەر بە ڕێژیم تا چ ڕادەیەک کەم بووەتەوە.
ڕۆژنامەی فەرهیختگان لە نووسراوەیەکدا و بە لەبەرچاوگرتنی ئامارەکان پەرژاوەتە سەر ڕێژەی بینەرانی تلویزیۆنی ئێران لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کە دەردەکەوێت ڕێژەی بینەران و بەردەنگەکانی ئەم میدیایەی ڕێژیم تا چ ڕادەیەک کەمی کردووە.
فەرهیختگان لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە سەرەڕای تەرخانکردنی بوودجەی زۆر لە گیرفانی خەڵک بۆ دەنگوڕەنگی ڕێژیم، ئەم ڕێکخراوەی ڕێژیم بەردەوام لەگەڵ دابەزینی بەردەنگەکانی بەرەوڕوویە.
سەرەڕای بەڕێوەبردنی پلانی زۆر لە ڕاستای بەرەوپێشبردنی ئیدئۆلۆژی و سیاسەتە شەڕەنگێزەکانی ڕێژیم و بەرنامەی ئایینی، پڕبینەرترین بەرنامەکانی تلویزیۆنی ڕێژیم، بە ٢٤ لەسەد بینەرەوە، بەرنامە وەرزشییەکانن.
لەلایەکی ترەوە، پەیمان جەبەلی، بەرپرسی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە سەرەتاکانی ساڵی ١٤٠٢دا لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی ئیلنای ڕێژیم ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە دەنگوڕەنگی ڕێژیم، تریبوونی کۆماری ئیسلامییە.
دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران کە ڕاستەوخۆ لەژێر چاوەدێریی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمدا چالاکی دەکات و بەرپرسەکەشی ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی خامنەییەوە دیاری دەکرێ، لە ڕیزبەندی ١٧ ڕێکخراو و شیرکەتدا جێگای گرتووە کە زیان بە خەڵک دەگەیێنن.
نوێنەرانی دیاریکراوی ڕێژیم لە مەجلیس، بوودجەی دەنگوڕەنگی ڕێژیمیان بۆ ساڵی ١٤٠٣، سێ هێندەی پێشوو بەرز کردەوە و ئێستا بوودجەی ئەم ڕێکخراوەی ڕێژیم ٢٤ هەزار میلیارد تمەنە.