کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل داوای مه‌حكوومكردنی ئافریقای باشووری كرد

16:24 - 29 رێبەندان 2723

ئافریقای باشوور له‌ چه‌ند حه‌فته‌ی ڕابردوودا داوای له‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تیی لاهه‌ كردبوو كه‌ ئۆپراسیۆنه‌ نیزامییەکانی ئیسرائیل له‌ ڕه‌فه‌ح سنووردار بكرێ، به‌ڵام ئه‌و داواكارییه‌ی ئافریقای باشوور ڕۆژی هه‌ینی ٢٧ی ڕێبه‌ندان له‌لایه‌ن ئه‌و دادگایه‌وه‌ ڕه‌ت كرایه‌وه‌.

دوای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و داواكارییه‌ی ئافریقا له‌لایه‌ن دادگای لاهه‌وه‌، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ ڕاگه‌یەندراوێكدا ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌بێ ئافریقای باشوور مه‌حكووم بكرێ چونکە  ئه‌و وڵاته‌ بووه‌ته‌ باسكی یاسایی گرووپی حه‌ماس.

له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و ڕاگه‌یەندراوه‌دا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وی ئیسرائیل هه‌وڵه‌كانی ئافریقای باشوور بۆ پشتیوانیكردن له‌ حه‌ماسی به‌ هه‌وڵێكی بێ بنه‌ما ناو برد و ڕایگه‌یاند كه‌ ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنه‌كانی بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی خۆی و ڕزگاركردنی دیله‌كانی شه‌ڕ به‌رده‌وام ده‌كات.

ئافریقای باشوور كه‌ پشتیوانی له‌ حه‌ماس ده‌كات ڕایگه‌یاندبوو كه‌ ئیسرائیل له‌ ئێستادا خه‌ریكی خولقاندنی كاره‌ساتی مرۆیی و ژینۆسایده‌.

له‌م پێوه‌ندییه‌دا ئیسرائیل ڕایگه‌یاند‌ كه‌ ئێمه‌ یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌پارێزین و ڕێگریمان ‌ له‌ ناردنی هاوكاریی مرۆڤدۆستانه‌ بۆ خه‌ڵكی سێڤیل له‌ غه‌زهز‌ نه‌كردووه و قسه‌كانی ئافریقای باشوور له‌باره‌ی خولقاندنی كاره‌ساتی مرۆڤی و جینۆساید له‌ غه‌زه‌ی به‌ تۆمه‌ت ناو برد و وتی كه‌ ئه‌وه‌ قه‌بووڵ ناكرێ.