کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی سایبێری کرایە سەر دوو کەشتیی سیخوڕیی ئێران

16:25 - 29 رێبەندان 2723

دوو کەشتیی سیخوڕیی ڕێژیمی ئێران لە دەریای سوور، لەکاتێکدا کە خەریکی سیخوڕی و ناردنی زانیاری و شوێنی کەشتییە بازرگانییەکان بۆ حوسییەکانی یەمەن بوون، لەلایەن ئەمریکاوە هێرشی سایبێریان کرایە سەر.

بە وتەی پێنتاگۆن، لە سەرەتاکانی ئەم مانگەوە و وەکوو بەشێک لە وڵامی چەندلایەنە بە هێرشەکان بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ئۆردۆن، دوو کەشتیی سیخوڕیی "بێهشاد" و "ساویز"ی سەر بە کۆماری ئیسلامی، کرانە ئامانجی هێرشە سایبێرییەکانی ئەمریکا.

بەرپرسێکی ئەمریکایی ڕایگەیاند کە ئەم دوو کەشتییەی ڕێژیمی ئێران، تایبەتمەندی و زانیاریی کەشتییە بازرگانییەکانیان بە مەبەستی هێرشی مووشەکی و دڕۆنی ڕادەستی حوسییەکانی یەمەن کردووە.

ئامانجی ئەمریکا لەم هێرشە سایبێرییە تێکدانی توانایی کەشتییەکانی ڕێژیم بۆ هاوبەشکردنی زانیارییە کۆکراوەکان لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن و پاراستنی ئەمنییەتیی کەشتییە بازرگانییەکان لە ڕێڕەوە ئاوییە نێونەتەوەییەکان بووە.

ڕێژیمی ئێران لە ترسی هێرشی نیزامی یان ڕاگرتنی کەشتییە سیخوڕییەکانی خۆی لەلایەن ئەمریکاوە، ئەم کەشتییە سیخوڕییانەی لە دەوروبەری بەندەری جیبووتی و نزیک پێگەی نیزامیی چین دامەزراندووە.