کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی لانیکەم ١٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی ئێران

16:27 - 29 رێبەندان 2723

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، لانیکەم پانزدە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە چەندین شاری ئێران بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، ڕۆژی شەممە ٢٨ ڕێبەندان، کۆمەڵیک لە پەرستاران لە قوم، کەرەج، ئەهواز، یەزد، بووشێهر و شیراز کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

داواکارییەکانی پەرستاران بۆ هەموارکردنەوەی یاسا و لابردنی کاتی کارکردنی زۆرەملێ و زیادکردنی مووچەکەیان لەسەر بنەمای دادپەروەرانە ڕاگەیاند.

کۆمەڵێک کرێکاری کۆمپانیای نیشتمانیی هەڵکۆڵین لە شوێنی کارەکەیان، کۆمەڵێک کرێکاری وەزارەتی نەوت لە بەردەم بینای دامەزراوەی سەرۆکایەتی لە تاران و ژمارەیەک لە کرێکارانی کارگەی توانەوەی پۆڵای خەزەری گیلان لە بەردەم ئەم کارگەیە لە شاری ڕەشت کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە مافە پێشێلکراوەکانیان بوون.

هاوکات، ژمارەیەک لەو کەسانەی کە دەست بەسەر ماشینەکانیاندا گیراوە لە بەردەم بینای دادگوستەریی شاری بیرجەند کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەر لەم پێیوەندییەدا، کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان لە بەردەم بینای بەڕێوەبردنی کارەبای سەراوان سەبارەت بە بڕی زۆری پارەی کارەبا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و خوازیاری وەدیهاتنی خواستەکانیان بوون.

لەلایەکی دیکەوە، لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە داواکارانی پرۆژەی واوان کە لە ٦٠٠ یەکە پێک هاتووە، لە بەردەم وەزارەتی ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شاری تاران کۆ بوونەوە.