کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی ڕێژیم ترسی بەشدارینەکردنی خەڵک لە هەڵبژارنەکانیان لێ نیشتووە

16:31 - 29 رێبەندان 2723

بڕیارە ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەی ئەمساڵ، خولی نوێ هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی خێبرگان و مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم بەڕێوە بچێ.

بەپێی ڕاپرسییەکان و زانیارییە بڵاوکراوەکان، ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی ڕێژیمدا زۆر کەمە، هەر بۆیە بەرپرسانی ڕێژیم بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵ بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان دەدەن.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەڵڵانوور کەریمی تەبار، پێشنوێژی ئیلام بە ئاماژە بە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، باسی لەوە کرد کە بەشداریی بەرینی خەڵک لەم ڕێپێوانە، مزگێنیی هەڵبژاردنێکی بەشکۆ لە ڕەشەمەی ئەمساڵدا دەدات.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە بەشداریی خەڵک لە ڕێپێوانی ٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ بە گشتی لە ئێران و بەتایبەتیش لە شارەکانی کوردستان، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو زۆر کەم بوو.

لوتفوڵڵا دژکام، لە بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی مەجلیسی خێبرگان لە شیراز بە هانادنی خەڵک بۆ بەشداری لەم شانۆیەدا وتی: هەڵبژاردن لە نیزامی ئیسلامیدا، کەرەستەیەک بۆ گەیشتن بە دادپەروەرییە!

هەر لەم پێوەندییەدا، عەبدولحەی میرزاعەلی، لە پێشنوێژەکانی گورگان، باسی لەوە کردووە کە هەر دەنگێکی خەڵک وەکوو تیرێک لەسەر دڵی دوژمنانی نیزام و ئینقلابە.

موجتەبا یووسفی، ئەندامی لێژنەی بەرپرسایەتیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیش بە ئاماژە بە هەڵبژاردنەکان، باسی لەوە کردووە کە بەشداریی لانیزۆری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان، نیشانەی دەسەڵاتی نیزامە.

پارێزگاری ئەلبورزیش لەمبارەوە بە ئاماژە بە دۆخی ناوچە باسی لەوە کردووە کە بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان بۆ پارێزگاریکردن لە ئارمانەکانی ڕێژیم پێویستە و وتی چاوەڕوان دەکرێ بینەری بەشدارییەکی بەرینی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان بین.

قسەکانی ئەم بەرپرسانەی ڕێژیم لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردنەکان، نیشانی ترسی ڕێژیم لە بەشداریی خەڵکە.

بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە ڕەنگە لە ڕێژەیەکی کەمی کۆمەڵگەدا هیوایەک بۆ گۆڕانکاری لەم سیستمەدە دەبینرا، پاش شۆڕشی ژینا و سەرکوتی بەردەوامی ڕێژیم، ئەو ڕاستییە دەرکەوتووە کە ڕێژیم هیچ گۆڕانێک قەبووڵ ناکات.

چەواشەکاریی بەرپرسانی ڕێژیم و هاندانی خەڵک لە چوارچێوەی هەستی نیشتماندۆستی و دابینکردنی دادپەروەری بە مەبەستی ڕاگرتنی دەسەڵات، لای خەڵک گرینگی نەماوە و رێژەیەکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی ئێران، بڕیاری بایکۆتی شانۆی هەڵبژاردنکانیان داوە.