هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیم لە سووریە و عێراق، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ڕۆژی هەینی، ١٣ی ڕێبەندان، گەمارۆی نوێی خستووەتە سەر ڕێژیمی ئێران.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ئەم وڵاتە ٤ کۆمپانیای لە ئێران و هۆنگ کۆنگ سزا داوە کە کار بۆ ئامادەکردنی مەتریاڵ و کەرەستە بۆ گەشەدان بە بەرنامەی مووشەکە بالستیکەکان و پەهبادەکانی ڕێژیم دەکەن.
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ئەم کەس و ناوەندانەی کە گەمارۆیان خراوەتە سەر بەوە تۆمەتبار کراون کە بە کڕینی کەرەستەگەلێک بە بەهای سەدان هەزار دۆلار، ئاسانکارییان بۆ هێزی ئاسمانیی سەر بە سپای پاسداران و بەرنامە پەهبادییەکەی ڕێژیم کردووە.
بە وتەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا گەمارۆکان بۆ سەر کۆمپانیایەکی هۆنگ کۆنگە کە مەتریاڵی سەرەتایی بە ئێران دەفرۆشێت.
هەر لەم پێوەندییەدا، ٦ بەرپرسی ڕێژیم لە فەرماندەیی ئێلکترۆنیکی سایبێریی سەر بە سپای پاسداران بە هۆی چالاکییە زیانبخشەکانیانەوە کە ژێرخانەکانی ئەمریکا دەکەنە ئامناج، گەمارۆ دراون.
بە هۆی ئەم گەمارۆیەوە، دەسڕاگەیشتن بە داراییەکانی ناوەندەکان و ئەو کەسانەی کە لە لیستەی گەمارۆکانی ئەمریکادان، قەدەغە کراوە.
ئەمریکاییەکان و کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش مافی هیچ جۆرە مامەڵەیەکیان لەگەڵ ئەو کەس و ناوەندانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆ دراون نییە.