کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڤێتۆکردنی بڕیارنامەکەی ئەلجەزایەر سەبارەت بە ئاگربەست لە غەززە لەلایەن ئەمریکاوە

11:07 - 30 رێبەندان 2723

ئەمریکا ڕایگەیاندووە بڕیارنامەی پێشنیاریی ئەلجەزایەر سەبارەت بە ئاگربەستی بەپەلە لە غەززە، ڤێتۆ ئەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لیندا توماس گرینفیڵد نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێشنیاری ئەو بڕیارنامە لەلایەن ئەلجەزایەرەوە ڕایگەیاند: پێشنیاری ئەم بڕیارنامەیە لە کاتێکی وەکوو ئێستادا دەتوانێت وتووێژە هەستیارەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.

ئەلجەزایەر داوای لە شۆرای ئەمنییەت کردووە تاکوو بڕیارنامەکە ڕۆژی سێشەممە ببرێتە قۆناغی دەنگدانەوە و لە کاردانەوەدا نوێنەری ئەمریکا ڕوونی کردووەتەوە کە وڵاتەکەیان لەم بڕیارنامە پشتیوانی ناکات و ئەگەریش بچێتە قۆناغی دەنگدانەوە، پەسەند ناکرێت.

پاش دەسپێکی شەڕ لەلایەن گرووپی حەماسەوە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، ئەمریکا دوو جار بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەبارەت بە شەڕ لە غەززە ڤێتۆ کردووە.

ئەمریکا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئیسرائیل دەبێت مافی بەرگری لە خۆی لەهەمبەر تێرۆریستان هەبێت و مەترسییەکان بۆ سەر خەڵکەکەی لەلایەن غەززەوە لەنێو ببات.

پەسەندکردنی بڕیارنامە لە شۆرای ئەمنییەت پێویستی بە لانیکەم ٩ دەنگە و نابێت هیچ یەک لە ٥ ئەندامی هەمیشەیی شۆرا واتە ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسە، ڕووسیە و چین ڤێتۆی بکەن.