کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی خامنەیی بۆ ڕاکێشانی خەک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان

11:51 - 30 رێبەندان 2723

لەحاڵێکدا کە زۆربەی خەڵکی ئێران نایانهەوێ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمەی ئەمساڵدا بکەن، عەلی خامنه‌یی جارێکی دیکە داوای لە خەڵک کردووە کە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن و ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا دەیهەوێت خەڵکی ئێران بێهیوا بکات.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی ڕێبەندان عەلی خامنەیی، لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە دانیشتووانی پارێزگای تەورێز، هەڵبژاردنەکانی بە "هێمای سیستمێکی کۆماری" ناو برد و ئیدعای ئەوەی کرد کە ئەمریکا دژی ئەم هەڵبژاردنانە و بەشداریی بە جۆش و خرۆشی خەڵک لەسەر سندوقەکانی دەنگدانە، هەر بۆیە هەوڵ دەدات خەڵک بێهیوا بکات.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران هەڵبژاردنەکانی ئێرانی بە ئازاد و سەلامەت وسف کردووە و وتوویەتی کە ئەوانەی بەدوای چاککردن و چارەسەرکردنی کێشەکاندا دەگەڕێن، ڕێگەی دروست هەڵبژاردنە و پێویستە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن.

ناوبراو وتی کە لە ماوەی ئەم دەیان ساڵەدا هیچ پێشێلکارییەکی هەڵبژاردن بەو مانایەی کە دوژمن بانگەشەی بۆ دەکات، بەدی نەکراوە و قسەکانیان بێ بنەمایە.

قسەکانی خامنەیی لەحاڵێکدایە کە لەم دواییانەدا ئەنجامی ڕاپرسییەک سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم نیشانی داوە کە زیاتر لە سێ لەسەر چواری خەڵکی ئێران بەنیازی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا نین و نزیکەی ٧٨ لەسەدی بەشداربووان خوازیاری ڕووخاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین.