کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قائانی داوای لە میلیشیاکانی ڕێژیم کردووە کە هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا ڕابگرن

11:59 - 30 رێبەندان 2723

هەواڵدەریی ڕۆیتێررز لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری چەند سەرچاوەی ئێرانی و عێراقی، بڵاوی کردووەتەوە کە ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران لە سەردانەکەی بۆ بەغدا داوای کردووە گرووپە نیابەتییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕابگرن و پێش بە پەرەگرتنی گرژییەکان بگرن.

ئەو سەرچاوانە بە ڕۆیتێرزیان ڕاگەیاندووە، ئیسماعیل قائانی ڕۆژی ٢٩ی ژانویە کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر دوای ئەوەی واشنگتۆن گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی لە عێراق بە کوشتنی سێ سەربازی ئەمریکایی لە ئۆردن تاوانبار کرد، لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەگەڵ نوێنەرانی ئەو گرووپانە کۆ بووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی ئەو هەواڵدەرییە، قائانی بەو گرووپانەی ڕاگەیاندووە، ڕشتنی خوێنی ئەمریکاییەکان وڵامدانەوەی توندی ئەمریکای بەدواوە دەبێت و جەختی کردووەتەوە که میلیشیاکان پێویسته کەمترین کردەوەیان هەبێت هەتا پێش بە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر فەرمانده باڵاکانیان، لەنێوبردنی ژێرخانی سەرەکی یان تەنانەت تۆڵەی ڕاستەوخۆ له ئێران بگیرێت.

سەرچاوەکانی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایانگەیاندووە، یەکێک لە گرووپەکان بە ناوی ''نۆجەبا'' سەرەتا داواکارییەکەی قائانیان قەبووڵ نەکردووە، بەڵام زۆربەی ئەوانی دیکە ڕازی بوونە و ڕۆژێک دوای سەفەرەکەی قائانی، کەتائێبی حیزبوڵڵا ڕایگەیاند کە هێرشەکانیان ڕادەگرن.

جێگەی ئاماژەیە کە لە ڕێکەوتی ٤ی فێورییە هەتا ئێستا، هیچ هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە نەکراوە، لەحاڵێکدا لە دوو حەوتووی پێش سەفەرەکەی قائانی بۆ عێراق، ئەو گرووپانە زیاتر لە ٢٠ هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا.