کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی سایبێریی هاکێرە ڕووسییەکان بۆ سەر باڵوێزخانەکانی کۆماری ئیسلامی

12:09 - 30 رێبەندان 2723

گرووپێکی سایبێریی ڕووسی، باڵوێزخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕووسیە و هۆلەندی کردووەتە ئامانج.

گرووپی سایبێریی ڕووسی ناسراو بە "تی ئەی جی_٧٠" لە ماوەی مانگەکانی ئۆکتۆبر تا دێسامبری ٢٠٢٣ی زایینی، هێرشی سایبێریی بۆ سەر باڵوێزخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕووسیە و هۆلەند ئەنجام داوە.

ئەم گرووپە لە ماوەی ئاماژەپێکراودا جگە لە باڵوێزخانەکانی ئێران، هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی دامەزراوە دەوڵەتی و سەربازییەکانی وڵاتانی ئۆکراین، گورجستان، لەهستان، بێلژیک، چێک، فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا.

چالاکییەکانی گرووپی سایبێریی "تی ئەی جی_٧٠" لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ڕووسیە و بێلاڕووسە و وێدەچێت سەر بە لایەنە ئەمنییەتییەکانی ڕووسیە بن.

لێکۆڵەرانی ئەمنییەتی سایبێری لەسەر ئەو باوەڕەن کە هێرشی ئەم گرووپە بۆ سەر باڵوێزخانەکانی کۆماری ئیسلامی دەریدەخات کە ڕووسییە بۆ بەرەوپێشبردنی شەڕ لەگەڵ ئۆکراین پێویستیەتی تاکوو ئاگاداری چالاکییە سیاسییەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بێت و بەوردی چاوەدێریی بکات.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە ڕووسیە لە ئێستادا پێویستی بە کڕینی چەکوچۆڵ لە ئێران بۆ بەرەوپێشبردنی شەڕ لە ئۆکراین هەیە.

سەرماوەزی ئەمساڵ و هاوکات لەگەڵ هێرشی هاکێرە ڕووسییەکان بۆ سەر باڵوێزخانەکانی کۆماری ئیسلامی، گەڵالەی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی ڕووسیە لە بواری ئەمنییەتی زانیارییەکان، لەلایەن مەجلیسی شۆرای ئیسلامییەوە بۆ پەسەندکردن ئامادەکاری بۆ کرابوو.