کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا ژێردەریاییەکی حووسییەکانی تێک شکاند

12:16 - 30 رێبەندان 2723

لە هێرشێکی ئەرتەشی ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکان، ٢ بەلەمی شەڕکەری بێسەرنشینی ئەو گرووپە کرانە ئامانج و تێک شکاند.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕێبەندان سێنتکام لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لە ٥ هێرش بۆ سەر حوسییەکان کردووە کە ٣ مووشەکی کڕووزی دژەکەشتی و ٢ بەلەمی شەڕکەری بێسەرنشینی ئەو گرووپە کە یەکێکیان ژێردەریایی بووە، کراونەتە ئامانج.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکام، ئەرتەشی ئەمریکا دوانیوەڕۆی شەممە لە ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکان و لە کاردانەوەیەکی بەپەلەدا، ٣ مووشەکی کڕووز و ٢ بەلەمی شەڕکەری بێسەرنشینی حووسییەکانی کردە ئامانج کە ئاراستەی کەشتیی جەنگی ئەمریکا و کەشتییە بارهەڵگرەکان کرابوون.

چەکدارانی حوسی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت پێشتر بە مووشەکی جۆراوجۆر و دڕۆن هێرشەکانی خۆیان ئەنجام داوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە کە لە ژێردەریایی بێسەرنشین بۆ هێرشەکانیان لە دەریای سوور کەڵک وەردەگرن.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا باسی لە دروستکردنی ژێردەریاییەکی بێسەرنشین کردبوو کە دەتوانێت تا قووڵایی ٢٠٠ میتری کاری پێ بکرێت.

ئەمانە لەحاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوام پشتیوانیی ماڵی و سەربازییان لە تێرۆریستانی حووسی ڕەت کردووەتەوە.

سێنتکام ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندان باسی لە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەک لە دەریای عەرەب کردبوو کە چەکوچۆڵیی ئێرانیی بۆ ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکان دەبرد.