کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانی گشتگیر و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ: رێبەری سەرەکیی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی خودی خەڵکن

17:40 - 30 رێبەندان 2723

هاوپەیمانی گشتگیر و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک باسیان لە کەمڕەنگبوونی پرسی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا کردووە.

ئەم دوو ڕەوتە سیاسییە لەم ڕاگەیەندراوەدا بە ئاماژە بە کەمڕەنگبوونەوەی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم لە ماوەی ٤٥ ساڵی رابردوودا، باسیان لەوە کردووە کە لە هەر هەڵبژاردنێکدا، بەشێک لە هیزە سیاسییەکان و ڕوانگە جیاوازەکانی خودی ڕێژیم لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕەدی سەڵاحییەت دەکرێن تاکوو بڕیارە گەورەکان بە بێ کیشە و دژایەتی لە چوارچێوەی خودییەکانی سەر بە ویلایەتی فەقیە‌ بەرەو پێش بچن.

ئەم دوو ڕەوتە لە بەشێکدا باسیان لەوە کردووە کە لە ساڵی ٨٨ـەوە بە شێوەیەکی ئاشکرا، دەسەڵاتداران بە خەڵکیان ڕاگەیاند کە ئێمە دیاری دەکەین کێ لەم وڵاتەدا سەرۆککۆمار بێت و کاروباری وڵات لەژێر چاوەدێریی کێدا بێت.

لە بەشێکی ئەم ڕاگەیاەندراوەدا هاتووە: پاراستنی نیزام کە ئێستا گرینگترین پرسی دەسەڵاتە و کۆی ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردوو، ڕێگەیەکی گەڕانەوەی بۆ ڕێژیم نەهێشتووەتەوە و بە سەرنجدان بە پۆتانسیێلی شۆڕش لە کۆمەڵگە، هەر چەشنە کرانەوەیەک لە کۆمەڵگەدا، نیزامی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ مەترسیی ڕووخان و تێککشان بەرەوڕوو دەکاتەوە. خەڵک نە تەنیا لە پرسی ڕێفۆرم تێپەڕیون بەڵکوو ڕێگایەکی گەڕانەوەشیان بۆ ڕێژیم نەهێشتوەتەوە. لە ڕاستیدا ڕێژیم هەموو پلەکانی پشت سەری خۆی ڕووخاندووە و لای خەڵک وەکوو ڕێژیمێکی جیانەتکار و دژە خەڵک ناسراوە.

ئەم دوو ڕەوتە سیاسییە ڕایانگەیاندووە کە بێشک پێشوازینەکردن لە شانۆی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم ئەمساڵ زیاتر لە ساڵانی ڕابردووە و دەسەڵات لە دوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ساڵی ڕابردوودا و بە پشتیوانیی بێ ئەملاوئەولای هێزە نیابەتییەکانی خۆی لە ناوچە، ئێستا کێشەی زۆر گەورەتری لە پێشە.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: لەم دەورە لە هەڵبژاردنەکاندا، ڕاگەیەندراوی ئۆپۆزسیۆن بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکان پێویست نییە چونکە خەڵک لێبڕاوان کە بەشداری لەم شانۆیەدا نەکەن و گرینگترین پرس لە دۆخی ئێستادا، چۆنیەتیی ڕووخاندنی ئەم ڕێژیمەیە.

لە کۆتایی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:  لەم کاتەدا کەسانی فریودەر هەن کە دەیانەوێ ڕێبەری و پاشایاتی بکەن، بۆیە کۆمەڵگە دەبێ دووریان لێ بگرێ. ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین کە کۆمەڵگە و خەڵک بە هێزی خۆیان دەتوانن ڕێبەری سەرەکیی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بن.