کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: حەماس بەدوای جێگرەوەیەک بۆ ئەلسەنواردا دەگەڕێت

17:42 - 30 رێبەندان 2723

یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی ڕێبەندان لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەمنییەتی فەرماندەیی باشووری سپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە گوردانی خان‌یوونس سەر بە گرووپی حەماس شکستی هێناوە و حەماس بەدوای جێگرەوەیەکدا بۆ ئەلسەنوار دەگەڕێت.

ماڵپەڕی "وای نێت'' سەر بە ڕۆژنامەی "یەدیعوت ئەحارونۆت"ی ئیسرائیلی لە زاری گالانتەوە نووسیویەتی: 'ئێستا وێستگەی غەززەی حەماس وڵامی پەیوەندییەکان ناداتەوە. کەسێک نییە وەک فەرماندەی مەیدانی قسەی لەگەڵ بکەیت.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، سەرکردەکانی حەماس لە دەرەوەی غەززە بەدوای دۆزینەوەی فەرماندەیی نێوخۆدا دەگەڕێن و ئێستا هیچ لایەنێکی کۆنترۆڵکەر و دەسەڵاتێکی چالاک لە گرووپەکەدا نییە.

گالانت وتی: فراوانکردنی عەمەلیاتەکان لە خان‌یوونس بەردەوامە و خان‌یوونس چیتر وەک قەوارەیەکی سەربازی بە هیچ شێوەیەک کار ناکات.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا وتی: حەماس لەگەڵ گوردانی ڕەفەح لە کەمپەکانی ناوەندی و پەرواێزدا مانەوتەوە و تاکە شتێک کە رێگری لە داڕمانی تەواوییەتی حەماس وەک هێزێکی سەربازی دەکات، بڕیاری ئەرتەشی ئیسرائیلە.