کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا داوای ڕاگیرانی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیوانیی دەریای سوور دەکات

17:44 - 30 رێبەندان 2723

لە کاتێکدا هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور بەردەوامن، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری یەمەن داوای دەستێوەردانی ئێران بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی کرد.

تیم لەندرکینگ، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری یەمەن لە وتووێژێکیدا، بۆ ڕاگرتنی هێرش بۆ سەر کەشتیوانی لە دەریای سوور داوای دەستێوەردانی ئێرانی کرد.

تیم لەندرکینگ وتی ڕێژیمی ئێران پاڵپشتیی تەواو لە حوسییەکان دەکات و لە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە دەریای سووردا ڕۆڵی هەیە، ئێستا دەمانەوێت ئێران ئەو هێرشانە بوەستێنێت.

حوسییەکان بە مەبەستی پاڵپشتی لە حەماس لە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا، ڕایانگەیاندووە کە هەموو کەشتییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل دەکەنە ئامانجی هێرشەکانی خۆیان.

هەر لەم پێوەندییەدا و بەپێی ڕاگەیەندراوی سێنتکام، ئەرتەشی ئەمریکا دوانیوەڕۆی شەممە لە ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکان و لە کاردانەوەیەکی بەپەلەدا، ٣ مووشەکی کڕووز و ٢ بەلەمی شەڕکەری بێسەرنشینی حووسییەکانی کردە ئامانج کە ئاراستەی کەشتیی جەنگی ئەمریکا و کەشتییە بارهەڵگرەکان کرابوون.