کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسییەکان کەشتییەکی بارهەڵگریان کردە ئامانج

17:46 - 30 رێبەندان 2723

ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی تەقینەوە لە نزیک کەشتییەکی بارهەڵگر لە ئاوەکانی نزیک یەمەن، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ ڕێبەندان، یەحیا سەریع، وتەبێژی نیزامیی حوسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند، حوسییەکانی یەمەن کەشتیی بازرگانیی "ڕوبی ماریان" لە کەنداوی عەدەن کردووەتە ئامانج و ئێستا مەترسیی نوقمبوونی لەسەرە.

بەپێی زانیارییەکان ئەو کەشتییە بریتانیاییە و تیمەکەی سەلامەتن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ڕۆیتێرز یەحیا سەریع ڕایگەیاندووە کە حوسییەکان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیشیان لە حەدیدە خستووەتە خوارەوە.

هاوکات ئەمریکا بە هێرشکردنە سەر پێگەی حوسییەکان هەوڵی داوە ئاسایشی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا جێگیر بکات.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریە چەندین جار هێرشیان کراوەتە سەر، ئەمریکاش بە هێرشی ئاسمانی وڵامی داونەتەوە، بەڵام تاکوو ئێستا هێرشی نەکردووەتە سەر حوسییەکان.

حوسییەکانی یەمەن لە نێوەڕاستی مانگی نۆڤامبری ٢٠٢٣وە، وەک کاردانەوە بەرامبەر بە هێرشی سپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، دەستیان بە هێرشکردنە سەر جووڵەی نێودەوڵەتیی دەریایی لە دەریای سوور کردووە ، بەم جۆرەش کاریگەرییەکی ئەرێنییان لە جووڵەی بازرگانیی نێودەوڵەتی دروست کردووە.