ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٩ی ڕێبه‌ندان، وه‌حید شه‌ریعه‌ت سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی زانستی پزیشكانی ده‌روونی له چاوپێكه‌وتنێكدا به هه‌واڵده‌ریی ئیرنای سه‌ر به ڕێژیمی ئێرانی ڕاگه‌یاند كه ئاماری خۆكوژی له‌نێو پزیشكان و یاریدەدەرانی پزیشكان (ڕێزیدێنت) به ڕێژه‌یه‌ک به‌رز بووه‌ته‌وه كه له ئێستادا جێگه‌ی نیگه‌رانییه.
ناوبراو وتی له ساڵی ڕابردوودا ١٦ كه‌س له‌وانه‌ی کە هه‌وڵی خۆكوژیان داوه گیانیان له‌ده‌ست داوه، به‌ڵام ناوه‌ندی ئاماری ڕێژیمی ئێران وه‌كوو هه‌موو كێشه و بابه‌ته‌كانی دیكه كه له ئێران‌دا ڕوو ده‌ده‌ن ئاماره‌كان چه‌واشه ده‌كات و ئاماری ناڕاست بڵاو ده‌كاتەوە؛ له‌م پێوه‌ندییه‌شدا هه‌ر به‌و چه‌شنه ئامارێکی ڕێک و ڕوونی بڵاو نەکردووەتەوە.
مه‌حموود فازڵ، سه‌رۆكی شۆرای باڵای نیزامی پزیشكیی ئێرانیش ئاماری خۆكوژیی پزیشكان و یاریدەدەرانی پزیشكان له ئێرانی به ئامارێكی مه‌ترسیدار و جێگه‌ی نیگه‌رانی ناو برد.
مه‌حموود فازڵ ڕایگه‌یاند كه دهستیارانی پزیشكه‌كان له ئێران‌دا له‌گه‌ڵ دوو كێشه‌ی گه‌وره‌ی وه‌كوو كێشه‌ی ماڵی و بژێوی ژیان، و ئه‌سته‌مبوون و زۆربوونی كار و هەروەها ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی كه له نه‌خۆشخانه‌كاندا له‌گه‌ڵیان ده‌كرێ به‌ره‌وڕوون.
نیما شههریارپوور پسپۆڕی به‌شی فریاكه‌وتنی نه‌خۆشخانه‌ی به‌هارلوو ڕایگه‌یاند كه له كۆی گشتیی حه‌شیمه‌تی ١٤هه‌زار کەسیی یاریدەدەرانی پزیشكی، ساڵانه لانیكه‌م ١٣ كه‌س هەوڵی خۆكوژی ده‌دەن.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ناوه‌ندی ئاماری كۆچبه‌ران بڵاوی كردووه‌ته‌وه كه به هۆی خراپیی دۆخی ژیانی پزیشكان له ئێران، ٧٤ له‌سه‌دی په‌رستاران و پزیشكان له هه‌وڵی كۆچكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن.