بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئێران لە پیتاندنی ئۆرانیۆم تا ئاستێکی سەروەوی پێداویستییە بازرگانییەکان بەردەوامە، باسی لەوەش کرد، بەنیازە مانگی داهاتوو بۆ یەکەمجار لە ماوەی ساڵێکدا سەردانی ئێران بکات.
ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، ڕافائیل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ڕۆیتێرز وتی، هەرچەندە ئێران ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی بە بەراورد بە کۆتایی ساڵی ڕابردوو کەم کردووەتەوە، بەڵام هێشتا بە ڕێژەی ٧ کیلۆگرەم لە مانگێکدا و بە خەستیی ٦٠ لەسەد ئۆرانیۆم دەپیتێنێت.
بەپێی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی ٢٠١٥ کە بە بەرجام ناسراوە، ئێران تەنیا دەتوانێت تا ٣.٦٧ لەسەد ئۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری پێشووی ئەمریکا، تەکلایەنە ئەم ڕێککەوتنەی هەڵوەشاندەوە، ئێرانیش بەڵێنەکانی پێشێل کرد.
ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی پێشتر ڕاپۆرتی دابوو کە لە نێوان مانگی جۆزەردان و خەزەڵوەری ئەمساڵدا ئێران ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆمی بۆ ٣ کیلۆگرەم لە مانگێکدا کەم کردبووەوە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە کۆتایی ئەمساڵدا بۆ ٩ کیلۆ بەرز بووە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ هۆشداری دابوو کە ئەگەر ڕێژەی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بگاتە سەرووی ٦٠ لەسەد ، ئەوا کەرەستەی پێویستی بۆ بەرهەمهێنانی سێ بۆمبی ناوکی دەبێت.