لە ٢٧ ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا ٢٦ وڵات ڕۆژی دووشەممە داوای ڕاگرتنی بەپەلە و مرۆڤانەی شەڕ لە غەززەیان کردووە.
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا جگە لە مەجارستان لە دانیشتنێکدا لە برووکسێلی بێلژیک کۆ بوونەوە و هاوکات لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری هێرش بۆ سەر شاری ڕەفەح، لەسەر شەڕی غەززە وتووێژیان کردووە.
جۆزێپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکییەتیی ئورووپا لەم پێوەندییەدا وتوویەتی کە "ڕاگرتنی بەپەلە و مرۆڤانەی شەڕ لە غەززە دەبێت ڕێگەخۆشکەری ئاگربەستێکی بەردەوام بێت.
بۆرێڵ هۆشداریی داوە کە بارودۆخی خراپی ئێستای غەززە لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری ئەو ناوچە و شاری ڕەفەح، دەتوانێت ببێتە کارەسات.
بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا سەبارەت بە بەشدارینەکردنی مەجارستان و هاوڕانەبوونی لەگەڵ باقی ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا، خۆی بوارد.
لەلایەکی دیکەوە ئیسرائیل هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر هەموو بارمتەکان ئازاد نەکرێن، ئەرتەشی ئەو وڵاتە لە مانگی ڕەمەزانیشدا لەسەر هێرشەکانی خۆی بەردەوام دەبێت.
پاش دەسپێکی شەڕ لە باکووری غەززە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئاوارەی فەلەستینی بەرەو باشووری ناوچەکە و شاری ڕەفەح کۆچیان کردووە.