وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە کاردانەوە بە دزەکردنی دڕۆنیکی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل، فڕۆکە شەرکەرەکانی ئەم وڵاتە کۆگاکانی تەقەمەنیی حیزبوڵڵایان لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.
دانیێل هاگاری ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ڕێبەندان لە بەرنامەیەکی تلویزیۆنیدا وتی: دڕۆنیکی حیزبوڵڵای لوبنانمان لە دەوروبەری شاری تەبریە شناسایی کرد کە وادیارە لەم ناوچەیەدا کەوتە خوارەوە. لە وڵامی ئەم کارەدا، هێرشمان کردە سەر کۆگاکانی تەقەمەنی لە ناوچەی سەیدا لە لوبنان.
میدیاکانی لوبنان باسیان لەوە کردووە کە ئەم هێرشانە لەلایەن فڕۆکە شەڕەکەرەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجام دراون و لە یەکێک لە هێرشەکاندا ئۆتۆمبێلێک کراوەتە ئامانج.
لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە لە غەززە، دەرگیری لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان لە نزیک سنوورەکانی ئەو دوو وڵاتە بەردەوام بووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی حیزبوڵلا بڵاوی کردووەتەوە و هەروەها ڕاپۆرتەکانی هەواڵی ڕۆیتێرز، لە کاتی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، زیاتر لە ١٧٠ میلیشیای ئەم گرووپە کە لەلایەن ڕیژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، هەروەها نزیکەی ٣٠ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون.
حەفتووی ڕابردووش لە دوو شەپۆلی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان، ١٠ هاووڵاتیی مەدەنی و چەند چەکدارێکی حیزبوڵڵا کوژران کە یەکێکیان فەرماندەیەکی یەگانی نوخبەی ڕزوان بوو.
لە کاردانەوەی ئەم هێرشەدا، حەسەن نەسروڵڵا وتی ئیسرائیل تێچووی کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی لوبنان بە خوێن دەداتەوە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداریی داوه ئەگەر ڕێوشوێنه دیپلۆماسییەکان بۆ دوورخستنەوەی میلیشیاکانی حیزبوڵڵای لوبنان له سنوورەکان بە ئاکام نەگات، لوبنان باجێکی قورس دەدات.