کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگه‌یه‌ندراوی یه‌کیەتیی پیشه‌یی مامۆستایانی کوردستانی ئێران به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکییەوە

12:59 - 1 رەشەمه 2723

یه‌کیەتیی پیشه‌یی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ئەمڕۆ لەحاڵێکدا بەرەوپیری ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە دەچین کە ئیمکان و زەروورەتی بەهرەمەندیی منداڵانی کوردستان لەو مافە بنەڕەتییە، لە هەمیشە بە پێویستتر دەزانین. لەلایەکی دیکەشەوە داگیرکەرانی ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردیش بێبەزەییانەتر لە هەموو کاتێک بەنیسبەت پێشێلکردنی مافەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن. داگیرکەران ئەگەرچی تا دوێنێ تارمایی وەسەر چاوی دڵ ‌و ویژدانیان لە ئاست ئەم مافە ڕەوایەدا کێشرابوو و خۆیان لە ڕاستییەکان دەبوارد، ئەوەتا ئێستا دەبینین کە تروسکایی لێبڕاوە و وەکوو واجبێکی شەرعی زیاتر لە هەر کاتێکی تر گوشاریان بۆ سەر نەتەوەی کورد هێناوە هەتا باس لە ماف و ئازادییە مرۆییەکانی خۆی نەکات. ئەوان بەوپەڕی دڕەندەییەوە هەڕەشە لە چالاکانی بواری زمان و کەلەپووری گەلی ئێمە دەکەن و هەوڵ بۆ سنووردارکردنی چالاکییەکانیان دەدەن. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە نگریسەشیان کەڵکی ناڕەوا لە هەموو دام‌ودەزگا حکوومەتییەکان وەر دەگرن، بۆ وێنە دەزگاکانی پەروەردە، خوێندنی باڵا، ڕادیۆ و تلویزیۆن و هەموو میدیاکانیان قۆرخ کردووە. بەڵام سەرەڕای ئەم هەموو بەربەستە، جێگەی شانازییە کە گەلی کورد، بە تایبەت توێژی لاوان و خوێندکاران، وشیارتر لە هەردەم، هەر ئێستا لەسەر پێیە و بە ئاواتی گەیشتن بە داهاتوویەکی گەشتر بەچڕی خەبات دەکا و تێدەکۆشێ هەتا بتوانێ بە سەر ئەم هەموو کۆسپ و ناعەداڵەتییانەدا سەربکەوێ.

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

دروشمی ئەمساڵی ڕیکخراوی یوونێسکۆ بۆ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، بریتییە لە "گەشەی پەروەردەی فرەزمانی بە مەبەستی پتەوکردنی بنەمای فێربوون‌ و سازدانی پێوەندی لە نێوان نەسڵەکان­دا". هەروەها یوونێسکۆ بە وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوەکەی ڕادەسپێرێ کە پەروەردەی چەندزمانی لە ناو دەزگاکانی فێرکاری و پەروەردەیاندا جێگیر بکەن، چونکە ئەم هەنگاوە بنەمای فێربوون لە وڵاتەکەیان‌دا بەهێزتر دەکات و نەوە جۆراوجۆرەکان باشتر دەتوانن بەیەکەوە هەڵبکەن یان بواری پێوەندیی دڵخوازی خۆیان گونجاوتر بڕەخسێنن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی یوونێسکۆ، ئەمڕۆکە لە جیهاندا نزیکەی ٤٠٪ ی دانیشتووانی گۆی زەوی لە دەستڕاگەیشتن بە سیستمی فێرکاری بەو زمانەی کە قسەی پێدەکەن یان لێی تێدەگەن بێبەشن. تەنانەت لە هەندێ وڵاتدا ئەم ژمارەیە بۆ ئاستی مەترسیداری ٩٠٪ بەرز دەبێتەوە. ئەوان پێیان وایە کە بەکارهێنانی زمانی دایکی لە قوتابخانە، بنەمایەکی بەهێزی فێربوون بۆ منداڵ دروست دەکا، هەروەها دەبێتە هۆی بڵیندبوونەوەی ئاستی نەفس­بەرزی و بیری ڕەخنەگرانە لە مێشکیدا جێگیر دەکات. بەپێی ڕاپۆرتەکەی یوونێسکۆ، لە جیهانی ئەمرۆدا، ٢٥٠ میلۆن منداڵ و مێرمنداڵ لە هەلی چوونەبەر خوێندن بێبەش کراون و زیاتر لە ٧٦٠ ملیۆن گەورەساڵ توانای بەهرەمەندی لە نووسین و خوێندنەوەیان نییە.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران وێڕای پێداگری لە مافی پیشەیی مامۆستایان و قوتابییانی کوردستان، بە پەرۆشەوە لە پرسی زمانی دایکیی منداڵانی کورد دەڕوانێ و هاودەنگیی خۆی لەگەڵ داخوازیی مامۆستایانی نیشتمانپەروەری کوردستان و بنەماڵەی قوتابییان ڕادەگەیەنێ. هەروەها پێی وایە کە خوێندن بە زمانی کوردی مافێکی ڕەوایە و دەبێ بە هێز و تواناوە هەوڵ بدرێ بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی ئەم ڕێگایە. نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێ کە کۆسپی سەرەکیی ئەم پرسە تەنیا سیاسەتە دژەمرۆییەکانی دەسەڵاتی ئێرانە.

هەر وەک دەزانن حکوومەتی هەنووکەی ئێران ئەندامی ڕێکخراوی یوونێسکۆیە، کەواتە لەئاست ڕەچاوکردن و بە ئەنجامگەیاندنی هەموو بڕیارەکانی بواری پەروەردە و بۆنەکانی دیکەیدا بەرپرسیارە. بەپێی ماددە یاساییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتی ئێران جیا لەوەی کە دەبێ هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی یاسایی بۆ بەئەنجامگەیاندنی پرسی پەروەردە بە زمانی هەموو پێکهاتەکانی ئێران بدا، پێویستە دروشمی "پەروەردەی فرە زمانی" کە لەلایەن یوونێسکۆوە بۆ ئەمساڵ کراوەتە نیشانە، بە گرینگی وەربگرێت و لەو ئاراستەیەدا هەنگاوی جیددی بۆ هەڵێنێتەوە. ئێران وەک یەکێک لەو دەوڵەتانەی کە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی واژۆ کردووە، دەبێ لە بواری ئابووری، ئیداری و پەروەردەییەوە جێبەجێکردنی خوێندن بە زمانی کوردی لە قۆناخی سەرەتایییەوە دەستەبەر بکات و لەم بوارەدا یارمەتیدەر و هاندەری مامۆستایان و وانەبێژانی زمانی کوردی بێت.

بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەوە ئەرکی حکوومەتی ئێرانە کە یارمەتیی سەقامگیرکردنی پرسی زمانی دایکی لە قوتابخانە بدات، بەڵام دووڕوویی کاربەدەستانی ڕێژیم لە دەرەوەی سنوورەکان هەمیشە ئاکامی پێچەوانەی لێ ‌دەکەوێتەوە. بەداخەوە ئەوەی ئێمە ئێستا لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکان دەیبینین، ئەوەیە کە پرسی زمانی کوردی و خەمخۆرانی ئەم بوارە گەورەترین هەڕەشەیان لەسەرە. بۆ وێنە مامۆستایانی مافخوازی کورد بە شێوازی جواراوجۆر لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و ئیدارییەکانەوە سزا دەدرێن، بە بەردەوامی دۆسییەی ئەمنییەتی بۆ چالاکانی ناوەندەکانی فێرکردنی زمانی کوردی دەکرێتەوە. بەگشتی لە ناو میدیا پاوانکراوەکانی ڕێژیمەوە بەردەوام هەواڵی چەواشەکارانەی ناڕاست دەربارەی داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد بڵاو دەبێتەوە و وەک مەترسی باسیان لێوە دەکرێ.

 یه‌کییەتی پیشه‌یی مامۆستانی کوردستانی ئێران ئەم کردەوانەی دەسەڵاتی ئێران بە توندی ئیدانە دەکا و هاوتەریب لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان پێداگری دەکات لە مسۆگەربوونی مافی قوتابییانی کوردستان کە یەک لەوان خوێندن بە زمانی دایکییە. هەروەها پێی وایە کە ئەم کردەوەگەلەی ڕێژیمی ئێران نەتەنیا هیچ خزمەتێک بە تەبایی و پێکەوەژیانی سەردەمییانەی گەلانی ئێران ناکەن، بەڵکوو ڕاست بە پێچەوانە، هەوێنی ئاڵۆزی و ناتەبایین و زەمینەی جیاخوازی ‌و لێکدابڕان لە داهاتوودا دەڕەخسێنن.

قوتابییانی ئازیز و مامۆستایانی مافخوازی کوردستان!

ساڵی ڕابردووی خوێندن کە تا ئێستاشی لەگەڵ بێ، وەکوو وەرزێکی هەرەگرینگی لەبیرنەکراو لە مێژووی بزووتنەوەی هەمەلایەنەی گەلەکەماندا تۆمار کراوە. ئێوە لاوانی کوردستان لەم بڕگە زەمانییەدا دەرفەتێکی زێڕینتان بۆ گەلەکەتان خوڵقاند هەتا پرس و مافەکانی خۆی بە گوێچکەی جیهان دابدات. ئێوە لە ژێر تیشکی ڕووناکایی مامۆستا بە ئەزموون و ژیرەکانی خۆتان­دا وانەکانی ژیانتان لەژێر ناوی بە بڕستی "ژن، ژیان، ئازادی"دا تاقی کردەوە و بۆ هەتاهەتایە لە مێژوودا تۆمارتان کرد. هەر وەک دیارە، ئێستاش لەگەڵ مامۆستایانی تێکۆشەری خۆتان هەروا لە سەرخەتن و لە شوناسی نەتەوەیی و مافە کولتوورییەکانی گەلەکەتان پێداگری و پارێزگاری دەکەن. لە میانەی شۆڕشی شکۆداری ژینادا ئاڵای کۆڵەکەی شوناسی نەتەوەیی، واتە زمانی کوردی، هەردەم شەکاوە ڕاگیراوە و شوێن­پەنجەی ئێستاش بە ڕوونی ماوەتەوە.

ئەگەرچی لە میانەی ئەم ململانێیەدا کوردستان گەلێک خەسارەت و زیان و قوربانی بە خۆیەوە بینی، بەڵام ئاستی ورەی گەلەکەمان بە بوونی ئێوە هەروا خۆی لە لووتکەدا دەبینێتەوە. خۆشەویستی نیشتمان لە لایەک و ئەوینی ئازادی لە لایەکی دیکەوە، دوو فاکتۆری گرینگی تاکەکانی گەلی ئێمەن کە مژدەمان پێ‌دەدەن لە دواڕۆژێکی نزیکدا بەری داری خەباتی ڕەوامان دەچنینەوە.

ئێمە وەکوو یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران، وێڕای ئەوەی کە پشتیوانیی هەمەلایەنەی خۆمان لە بزوتنەوەی شۆڕشی شکۆداری "ژینا" کە لەودا قوتابی و مامۆستایانی کوردستان دەوری سەرەکییان هەبوو، دەردەبڕین، هیوادارین بە دیرایەتی ژیرانەی گشتیمان، هەرچی زووتر ئاڵای کوردستان لەسەربانی گشت قوتابخانەکانی کوردستان هەڵ‌بدرێت و لەوێدا منداڵە چاوگەشەکانی نیشتمان بە دەنگی زوڵاڵی خۆیان سروودی "خوایە وەتەن ئاواکەی" بانگ بدەن.

 

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران

ڕەشەممەی 1402