بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی پاڵاوتن و دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران دانی بەوەدا نا، کە لە هێرشەکانی ئەم دواییانەدا تەواوی زنجیرەی پاڵاوگەکان، هێڵەکانی گواستنەوە، کۆگاکانی نەوت و یەکەکانی سووتەمەنی فڕۆکە لە سەرتاسەری وڵاتدا کراونەتە ئامانج.
محەممەد سادق عەزیمیفەر، بە میدیاکانی نێوخۆی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە قەبارەی زیانەکان بەجۆرێکە تەنیا لە کۆگای نەوتی "شەهرە ڕەی"، نزیکەی ٢ هەزار کەس هێزی کار بۆ دووبارە بونیادنانەوەی دامەزراوەکانی گواستنەوە و کۆگاکردن جێگیر کراون.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە پاڵاوگەی "لاوان" کرد کە بەهۆی هێرشەکانەوە پەک کەوتووە و ئێستا تیمەکان خەریکی خاوێنکردنەوەی پاشماوەی وێرانکارییەکان و جێگرتنەوەی ئامێرە تێكچووەکانن.
ئیسرائیل لە حەوتووی پێش ئاگربەستە کاتییەکە، گورزی قورسی لە ژێرخانە ستراتیژییەکانی وزە لە بەندەری ئیمام، عەسەلوویە و ماهشەهر وەشاندبوو.
ئەم لێدوانانە دەریدەخەن کە هێرشەکان پەککەوتنی جیدییان لە کەرتی سووتەمەنی و وزەی ئێراندا دروست کردووە و پرۆسەی چاککردنەوەیان کاتێکی زۆری دەوێت.