لە دوای شکستی دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ئێران، دۆناڵد ترامپ ڕۆژی یەکشەممە بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیال" ڕایگەیاند کە هێزی دەریایی ئەمریکا پڕۆسەی داخستنی گەرووی هۆرمۆزی دەست پێدەکات.
ترامپ لەو پەیامەدا وتی کە ئەو دانوستانانەی ئەم دواییانە لە پاکستان بەڕێوەچوون، ئەگەرچی لە هەندێک بواردا پێشکەوتنیان هەبووە، بەڵام لە تەوەری سەرەکیدا واتە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
ناوبراو جەختی کردەوە کە لە پاش ئەم ناکامییە، فەرمان دراوە هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکان هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز ڕابگرێت یان سنوورداری بکات.
ناوبراو بە وەسفکردنی هێزی دەریایی ئەمریکا وەک "بەهێزترین هێزی دەریایی جیهان"، ڕایگەیاند کە لەمەودوا ئەو هێزە چاوەدێری و کۆنترۆڵی هەر کەشتییەک دەکات کە بییەوێت بچێتە ناو گەرووی هۆرمۆز یان لێی بێتە دەرەوە.
ترامپ هەروەها ڕێژیمی ئێرانی تۆمەتبار کرد کە بە دروستکردنی کەشێکی نائەمن و هێنانەئارای ئیدیعای بوونی مینی دەریایی، ڕێگری لە هاتوچۆی ئازادانەی کەشتییەکان کردووە.
ناوبراو لە درێژەدا، تارانی بە "باجگیری جیهانی" تۆمەتبار کرد و وتی ئەمریکا ڕێگە نادات ئێران پێگەی جوغرافیی ئەو گەرووە بۆ گوشاری سیاسی و ئابووری بەکار بهێنێت.
ترامپ هەروەها هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییانەی ڕاگەیاند کە بە وتەی ئەو، لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا پارەی نایاساییان بە ئێران داوە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا لە بەشێکی تری قسەکانیدا وتی: "ئێمە مینە چێنراوەکانی ئێران لە گەرووەکاندا لەنێو دەبەین. هەر ئێرانییەک تەقە لە ئێمە یان کەشتییە ئاشتیخوازەکان بکات، چارەنووسی دۆزەخ دەبێت! ئێران باشتر لە هەر کەس دەزانێت چۆن کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت کە وڵاتەکەی وێران کردووە. هێزی دەریایی و ئاسمانییان نەماوە، بەرگریی ئاسمانی و ڕادارەکانیان بێسوودن، خامنەیی و زۆربەی ڕێبەرەکانیان مردوون؛ هەموو ئەمانەش بەهۆی تەماحی ئەتۆمییانەوەیە."
ناوبراو هەروەها وتی: "گەمارۆدانەکە بەم زووانە دەست پێ دەکات و وڵاتانی تریش بەشدار دەبن. ڕێگە نادەین ئێران لەم باجوەگرتنە نایاساییە سوودمەند بێت؛ ئەوان پارە و لەوەش گرینگتر چەکی ئەتۆمییان دەوێت. ئێمە بە تەواوی ئامادەین و لە کاتی گونجاودا ئەرتەشەکەمان ئەوەی لە ئێران ماوەتەوە، لەنێوی دەبات."