لە کاتێکدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باس لە سەقامگیریی بازاڕی دەرمان دەکەن، ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "شەرق" لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، پەردە لەسەر بەردەوامیی کەمی و گرانیی دەرمان، بەتایبەت بۆ نەخۆشە تایبەتەکان لادەدات؛ قەیرانێک کە دوای ئاگربەستیش کەم نەبووەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، نەخۆشانی شێرپەنجە، هیمۆفیلی، تالاسیمی و دیالیز لەگەڵ زیادبوونی چەند هێندەیی نرخی دەرمان، دواکەوتنی پێدانی بیمەکان و سنوورداریی دەستڕاگەیشتن بە کەلوپەلە پێویستەکان ڕووبەڕوون و لە هەندێک حاڵەتدا، تەنانەت دەرمانخانەکان سەرەڕای هەبوونی دەرمان، لە پێدانی دەرمان خۆدەپارێزن.
هاوکات، تێکچوونی ئینتێرنێتیش ڕەوتی دەستنیشانکردن و ئاگادارکردنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوە پسپۆڕییەکانی پەک خستووە.
کەمیی دەرمانە پێویستەکانی وەک "فاکتۆر ١٣" بۆ نەخۆشانی هیمۆفیلی، بەتایبەت لە پارێزگا بێبەشەکاندا، مەترسی جیددیی بەدوای خۆیدا هێناوە.
ئەم بارودۆخە لە کاتێکدا بەردەوامە کە بەرپرسانی وەک محەممەدڕەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستی و محەممەد جەمالیان، ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمانی مەجلیسی ڕێژیم، جەخت دەکەنەوە کە لە بارودۆخی شەڕ و گەمارۆکاندا، هیچ کەمییەک لە بواری دەرماندا هەستی پێ نەکراوە؛ هەڵوێستێک کە لەگەڵ ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لە دژایەتیدایە.