کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی بەرپرسێکی ئیمارات سەبارەت بە گەرووی هۆرمۆز

17:06 - 23 خاکەلێوه 2726

لە درێژەی زیادبوونی گرژییەکان لە ڕێڕەوە ستراتیژییە دەریاییەکاندا، "سوڵتان ئەلجابەر"، وەزیری پیشەسازی و تێکنۆلۆژیی پێشکەوتووی ئیمارات و بەڕێوەبەری شیرکەتی میللی نەوتی ئەبوزەبی (ئەدنۆک)، سەبارەت بە لێکەوتەکانی کردارەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەرووی هۆرمۆزدا هۆشداری دا و ئەم جۆرە ڕەفتارانەی بە هەڕەشە بۆ سەر ئابووریی جیهانی وەسف کرد.

سوڵتان ئەلجابەر بە ئاماژەدان بە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە ڕایگەیاند کە لە ١٠ی ڕەشەمەوە، لانیکەم ٢٢ کەشتی کراونەتە ئامانج و ١٠ کەس لە کارمەندانی ئەو کەشتییانە گیانیان لەدەستداوە.

بە وتەی ناوبراو، نزیکەی ٢٠ هەزار دەریاوان ناتوانن بەشێوەی پارێزراو هاتوچۆ بکەن و نزیکەی ٨٠٠ کەشتیی بازرگانی، لەوانە سەدان نەوتهەڵگر، لە دۆخێکی نادیاردا ماونەتەوە.

ئەلجابەر بە ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە مافی کۆنترۆڵکردنی ئەم گەرووە گرینگە، جەختی کردەوە: "گەرووی هۆرمۆز هەرگیز هی ئێران نەبووە و ئەم وڵاتە ناتوانێت بیکاتە ئامرازێکی پەستانی سیاسی و سەربازی."

ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە سیاسەتانە نەک هەر دەبنە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەیی، بەڵکوو ئەمنییەتی وزە، خۆراک و تەندروستیی جیهانیشیان خستووەتە مەترسییەوە.

لێدوانەکانی سوڵتان ئەلجابەر ڕەنگدانەوەی زیادبوونی ناڕەزایەتییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانە بەرامبەر بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە گەرووی هۆرمۆز؛ ئەو سیاسەتانەی کە زیاتر لەوەی لەسەر بنەماکانی ماف و بەرژەوەندیی پایدار بن، بوونەتە ئامرازێکی گوشار و دروستکردنی گرژی.