کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن شەرەفی: پێویستە ئەمجارە "نا"یەکی توندتر، گەورەتر و بەرچاوتر بە ڕێژیم بوترێ

16:28 - 1 رەشەمه 2723

کاک حەسەن شەرەفی ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی کوردستان، بە تاوتوێکردنی دۆخی ڕێژیمی ئێران و هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمە لە ئێران وتی کە بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان پێویستە ئەمجارە "نا"یەکی توندتر، گەورەتر و بەرچاوتر بە ڕێژیم بگوترێ.

کاک حەسەن شەرەفی لەو وتووێژەدا باسی لەوە کردووە کە بە شێوەیەکی گشتی، ئەو شانۆیانەی بە ناوی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەڕێوە دەچن لە نێوەڕۆکی هەر هەڵبژاردنێکی دێموکراتیک بەتاڵن.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵک تێگەیشتوون کە ڕێژیم ئامانجی لەو شانۆیانە تەنیا ڕاکێشکردنی خەڵک بۆ سەر سەندووقەکان و خۆڕانان بەوەیکە گویا بە جیددیی دەگرن و لەسەر چارەنووس شوێندانەرن.

هەروەها کاک حەسەن شەرەفی وتی کە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو ڕواڵەت‌سازییەی ڕێژیم لەبەرچاو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، پێویستە ئەمجارە بەتایبەت دوای شۆڕشی ژینا، "نا"یەکی توندتر، گەورەتر و بەرچاوتر بە ڕێژیم بگوترێ و دەرخەری ئەو ڕاستییە بێت کە ئەو ڕێژیمە لەلایەن خەڵکی ئێران و کوردستانەوە بێزراوە و بە تەواوەتی ڕەت کراوەتەوە.

شەرەفی لە کۆتاییدا وتی کە بەشدارینەکردن و خۆ کاندید نەکردن، نەک شێوەیەکی گرینگ لە خەبات بەڵکوو ئەرکێکی نیشتمانی و ئینسانیشە.