کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەرەسەندنی سەرکوتی کەمینەکان لە ئێران

18:20 - 1 رەشەمه 2723

دامەزراوەی مافی مرۆیی "ماددە ١٨" ڕۆژی دووشەممە ٣٠ ڕێبەندان بە هاوکاری لەگەڵ سێ ڕێکخراوی دیکە، شەشەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە دۆخی مەسیحییەکانی ئێران بڵاو کردەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا باس لە بەرزبوونەوەی رێژەی دەسبەسەرکرانی مەسیحییەکان لە ئێراندا کراوە. بەپێی ئامارەکان ڕێژەی دەسبەسەرکراوانی مەسیحی لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، ٣٢ کەس زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١٦٦ کەس.

لە بەشێکی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئایینی مەسیحییەت لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە فەرمی ناسێندراوە بەڵام ڕێگری لەو کەسانە دەکرێت کە بە تازەیی ئایینی مەسیحییەتییان هەڵبژاردووە.

لە درێژەی ڕاپۆرتی ئەم چوار دامەزراوە مەسیحییەدا هاتووە کە وڵاتی ئێران وەک هەشتەمین وڵاتی دژبەری مەسیحییەت لەم ساڵدا ناسراوە و پاش هاتنەسەرکاری ئیبراهیم ڕەئیسی نیگەرانییەکان لەمبارەوە زیاتر بووەتەوە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا چوار دامەزراوەی مەسیحی داوایان لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە وێڕای ئازادکردنی بەندکراوانی مەسیحی، ناوەندە داگیرکراوەکانی مەسیحییەکان لەلایەن ڕێژیمەوە، ڕادەست بکاتەوە و سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو، لەگەڵ نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ و کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان هاوکاری بکات.

هەروەها داوایان کردووە کۆمەڵگەی جیهانی، کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر پێشێلکارییەکان سەبارەت بە مافی مەسیحییەکان و شکستی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیار بکەن .

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە هاووڵاتییانی مەسیحی بە هۆی باوەڕی ئایینییەوە دەسبەسەر دەکرێن و بە تۆمەتگەلی وەک بانگەشە دژی ڕێژیم و هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی و بە بێ هیچ بەڵگەیەک ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێن.

سەرکوتی ئەم کەسانە لەحاڵێکدایە کە بەپێی یاسا سیاسی و مافە مرۆییەکان، هەر تاکێک لە گۆڕینی ئایینی خۆی ئازادە و دەتوانێت بە شێوەی تاک یان بەکۆمەڵ، دەریببڕێت.