کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کاک مستەفا هیجری، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی

22:07 - 1 رەشەمه 2723

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی ٢ی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، زۆرتر بۆ ئەو نەتەوانە جێگای بایەخ و سەرنجە کە خوێندن و گەشەپێدانی زمانەکانیان لەلایەن دەسەڵاتە سەرەڕۆ و دیکتاتۆرەکانەوە قەدەغە کراوە و  منداڵەکانیان ناچارن بە زمانێک بخوێنن کە زمانی نەتەوەی دەسەڵاتدار و لە ڕاستیدا زمانی سەپێندراوە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای دۆخی بندەستی و قەدەغەبوونی خوێندن بە زمانی کوردی، بەڕێوەبردنی خولی فێرکاریی زمانی کوردی بە شێوەی خۆبەخشانە، بەشێکی گرینگ لە چالاکیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی نێوخۆی وڵات پێک دێنێ. سەرەڕای سزادان و زیندانیکردنی چالاکانی بواری زمانی دایکی و  پێکهێنانی گرفت و کۆسپ لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و شارەزایانی بواری زمان، بوێرانە و بە ئیرادەیەکی پتەوەوە، هەوڵی زیندووڕاگرتن و گەشەپێدانی زمانی کوردییان داوە و لە هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ خزمەت بە زمان و ناسنامەی کوردی بەردەوامن.

وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە و پێداگرتنەوە لەسەر مافی ڕەوای خوێندن بە زمانی دایکی بۆ هەموو نەتەوە بندەستەکان لە ئێران، سڵاوی ئەمەگ دەنێرم بۆ سەرجەم مامۆستایان و فێرخوازانی زمانی کوردی.

مستەفا هیجری
بەرپرسی ناوەندنی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
١ی ڕەشەمەی ١٤٠٢