کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داکۆکیی ڕێکخراوی سەرتاسەریی مامۆستایانی ئێران لە مافی خوێندن بە زمانی دایکی

12:21 - 2 رەشەمه 2723

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان لە ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەشەمە، لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی، بە مەبەستی داکۆکی لە مافی خوێندن بە زمانی دایکی نووسیویەتی: "بەردەوامیی سیاسەتی پەروەردەی تاک زمانە بەبێ لەبەرچاوگرتنی بە مافی بەکۆمەڵی نەتەوە غەیرەفارسەکان لە جوغرافیای سیاسیی ئێران هەوڵێکی نادادپەروەرانەیە."

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان لە ئێران لەو بەیاننامەیەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لێبراوانە داکۆکی لە مافی بێئەملاوئەولای هاووڵاتییان بۆ هەڵبژاردنی زمانی پەروەردەیی خۆیان دەکات و پێی وایە بەردەوامی ئەندازیاریی سیاسەتی تاک زمانەی ئێستا لە ئێران پێچەوانەی بنەماکانی زمانەوانییە و بە تەواوی هەڵەیە".

ئەم ڕێکخراوە سەرتاسەرییەی مامۆستایان لە ئێران وتوویەتی: ''دوای پێکهێنانی ناوەندی پەروەردە بە مانا مۆدێرنەکەی، نزیکەی سەد ساڵ لەمەوبەر، لە هەموو زمانە جۆراوجۆرەکانی ناو جوغرافیای سیاسیی ئێران، تەنیا زمانی فارسی بوو کە وەک زمانی پەروەردە و بێگومان زمانی یاسا و سیاسەتی یاسایی  بەکار هێنرا''.

هەر لەو بەیاننامەیەدا باس لەوە کراوە کە لێکۆڵینەوە نوێیەکان جەخت لەسەر پێویستیی پەروەردە بە زمانی دایک دەکەنەوە و پێیان وایە منداڵ پێویستە پێوەندیی لەگەڵ دونیای پەروەردە و زانستی مۆدێڕن لەگەڵ زمانی دایکی دابمەزرێنێت، و هەر سیاسەتێک کە ئەو پێوەندییە تێک بدات نەتەنیا بۆگەشەکردنی تاکەکەسیی منداڵ زیانبەخشە، بەڵکوو دژی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و سەقامگیریشە.

ئەو ڕێکخراوە سینفییە وێڕای ڕەخنەگرتن ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ئێران باسی پەروەردە بە زمانی دایکیی غەیرە فارسی بە پرسی ئەمنییەتی و شوناسی نەتەوەییەوە گرێدراوە.